لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چەندین کودەتای سەربازی لە عێراق ڕوویدا. لە گۆڕەپانی سیاسی چەندین ڕژێم بە ئایدیۆلۆژیای جیاواز و ناوکێکی نەتەوەیی عەرەبی دەرکەوتن. هەر کامیان بۆ ماوەیەک حوکمی عێراقیان کرد، ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم، کە لە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ سیستەمی پاشایەتی هەڵوەشاندەوە و سیستەمی کۆماری دامەزراند. لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ حیزبی بەعس کودەتای بەسەردا کرد. لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣ عەبدولسەلام عارف و کۆمەڵێک ئەفسەر کودەتایان بەسەر بەعسییەکاندا کرد. لە ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨ بەعسییەکان گەڕانەوە و کودەتایان بەسەر ڕژێمی عەبدولڕەحمان عارفدا کرد و بۆ جاری دووەم دەسەڵاتیان گرتە دەست کە درێژترین ڕژێمی دیکتاتۆری بوو لە مێژووی عێراقدا.
شایەنی باسە کاتێک هەموو ئەم ڕژێمانە گەیشتنە دەسەڵات، سەرەتا گوێیان لە کورد دەگرت و بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆیان دانوستانیان لەگەڵ دەکردن، بەڵام دوای ماوەیەک کاتێک دەسەڵاتی خۆیان بەهێز دەکرد، دەستیان دەکردەوە بە شەڕکردن لەگەڵ کورد. بەڵام سەختترین هەڵمەتە سەربازییەکانیان لە ساڵی ١٩٦٨ بوو، کاتێک بەعسییەکان بۆ جاری دووەم گەڕانەوە سەر دەسەڵات. لەم ماوەیەدا ماڵی کوردی دابەش ببوو. باڵی مەکتەبی سیاسی کۆن بۆ ماوەیەک پەنایان بۆ حکوومەت بردبوو و هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت هێرشیان دەکردە سەر ناوچەکانی شۆڕش. لە سەرەتادا توانییان دەست بەسەر چەند شار و شارۆچکەیەکدا بگرن.
بەڵام شۆڕش لە بەرامبەر ئەم پێشهاتە نوێیانەدا دەستەوەستان نەوەستا، بەڵکو دەستی کرد بە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی و چەکدارکردنیان، چەندین خولی ڕاهێنان لە قەسرێ و حاجی ئۆمەران بۆ ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنان و چاککردنەوەی چەک کرایەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ ژمارەیەکی زۆر چەک وەک تفەنگ، کاتیوشا، تۆپی ١٠٦ ملم و ١٠٧ ملم گەیشتە دەستی شۆڕش، لە ماوەی ٧٠ ڕۆژدا ٣٨ هەزار تفەنگ بەسەر هێزی پێشمهرگهدا دابەشکرا، ئامادەکارییەکانی شۆڕش تەنها بۆ بەرگری نەبوو، بەڵکو دەستی کرد بە چالاکیی فیدایی جۆراوجۆر و هێرش بۆ سەر سوپا و دامەزراوە حکوومییەکان لە زۆر شوێن.
شەڕەکە لە شوباتی ١٩٦٩ تا کۆتایی ساڵ بەردەوام بوو، کاتێک سوپاى عێراق و کادرەکانی مەکتەبی سیاسی کۆن هەڵمەتە سەربازییەکانیان دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش درێژە پێدا. وەک وەڵامێک بۆ ئەو گوشارە زۆرانەی لەسەری بوو، سەرکردایەتی شۆڕش زنجیرەیەک هێرشی پێچەوانە و هەڵمەتی لە شوێنی جیاواز ئەنجامدا. یەکێکیان مەلحەمەی کەرەتک و ماخوبزنان بوو. کاتێک پێشڕەویی سوپاى عێراق لە ناوچەی پشدەر گەیشتە بەرزاییەکانی گوندی کەرەتک لە پشتەوە لە نزیک سەنگەسەر، پلانیان دانا بەرەو ناودەشت و پاشان دیلمان پێشڕەوی بکەن، کە بارەگای بارزانی لێ بوو. لەبەر ئەوەی پێشڕەویی هێزەکانی حکوومەت هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر بارەگای بارزانی، هێزە تایبەتەکانی بارزانی بە سەرکردایەتی عومەر ئاغای دۆڵەمەری ڕەوانەی دۆڵی شەهیدان کران. لە شەوی ٣٠-٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٩ هێزی پێشمهرگه هێرشیان کردە سەر سوپا و جاشەکان کە لە دەوروبەری بەرزاییەکانی گوندەکانی کەرەتک و ماخوبزنان جێگیر ببوون. هێزێکی دیکەشیان ڕەوانەی بناری شاخەکە کرد بۆ گەمارۆدانیان و بڕینی ئەو ڕێگەیەی کە هاوکارییەکانی پێدا دەگەیشتە دەستیان.
لە هەڵمەتی یەکەمدا، هێزی پێشمهرگه دوای چەند خولەکێک چوونە سەر گردەکە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە تا وای لێهات چەکی سارد وەک خەنجەریان بەکارهێنا، ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی حکوومەت ڕزگاریان بوو، هەموو ئەوانی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەو شەڕەدا نزیکەی ١٥٠ ئەفسەر و سەرباز و جاش کوژران، هێزەکانی حکوومەت تووشی لێدانێکی کوشندە بوون، ئیسماعیل نوعێمی فەرماندەی فیرقەکە دوو ڕۆژ پێشتر هاتبووە سەنگەسەر بۆ ئەوەی بارودۆخەکە ببینێت. بەڵام بەهۆی شکستەکەی سوپاوە تووشی داڕمانی دەروونی بوو، چونکە پێشتر شتی وای نەبینیبوو. سوپاى عێراق و هێزەکانی دیکە نەگەڕانەوە بۆ داگیرکردنی دۆڵی شەهیدان، تەنانەت پێشمهرگه ڕێگەیان نەدا تەرمی کوژراوەکانیان بۆ سەنگەسەر بگوازنەوە، بۆیە ناچار بوون یانزە هەلیکۆپتەر بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنن.
هێزی پێشمهرگه دەستیان بەسەر ٦٠ کڵاشینکۆف و ٣٠ تفەنگ و هاوەنێکی ٨٢ ملم و هاوەنێکی ٦٠ ملم و دوو چەکی دیکتاریۆف و دوو ئامێری بێتەل و هەندێک کەرەستەی سەربازیدا گرت. شایەنی باسە لەم شەڕەدا تەنها ٥٠ پێشمهرگه بەشدار بوون. توانییان کەتیبەیەکی تەواوی کۆماندۆ لەناو ببەن. دوای ئەمە و چەندین شەڕی دیکە هیوای حکوومەت بۆ چارەسەری سەربازی لاواز بوو و پەنای بۆ دیالۆگ و دانوستان برد. ئەنجامەکەشی ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بوو.
سەرچاوەکان:١- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆڕشی ئەیلوول، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.
٢- عومەر عوسمان، ژیانى کوردێک، چاپخانەى موکریان، چاپى دووەم، هەولێر، ٢٠٠٨.
٣- مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.
٤- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.
٥- ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.
٦- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.
٧- ئیبراهیم خەلیل ئەحمەد و جەعفەر عەباس حەمیدی، مێژووی عێراقی هاوچەرخ، مووسڵ، ١٩٨٩.


