یەکێک لە گرنگترین ئەو شەڕانەی کە لە لیوای ھەولێر ڕوویدا و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکان و شۆڕش لە باشووری کوردستان ھەبوو، شەڕی ھەندەرێن بوو، ئامانجی ستراتیژیی حکوومەت لە داگیرکردنی چیای ھەندەرێن، بوونی ناوەندی سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد و بارەگای بڕیاردانی بارزانی بوو لە ناوچەی باڵەکایەتی، شەڕی چیای ھەندەرێن بریتی بوو لە ھاوسەنگیی ھێزی نێوان ھێزەکانی شۆڕشی کوردستان و سوپاى عێراق، دەستبەسەرداگرتنی چیاکە و کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لێی، ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر بارەگای بارزانی و بارەگای حیزبی شیوعیی عێراق کە بارەگای سەرەکییان لە بناری چیاکەدا بوو، ئەوەش بەھۆی ستراتیژیبوونی چیاکەوە بوو، حکوومەت لە ساڵی ١٩٦٥ەوە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدا.

لە لایەکی دیکەوە، داگیرکردنی چیای ھەندەرێن بە واتای دابڕانی سۆران لە بادینان دەھات، چونکە ئامانجی دیاریکراوی حکوومەت دابڕانی بادینان بوو لە سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد، کە بارەگای سەرەکیی لە ناوچەی باڵەکایەتی بوو.

حکوومەت کەڵکی لە ناکۆکییەکانی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەرگرت، کە پێشتر لە ساڵی ١٩٦٤ سەری ھەڵدابوو، دوای جیابوونەوەیان، خۆیان وەک گرووپی مەکتەبی سیاسیی حیزب ناساند و لە کۆتاییدا چوونە پاڵ حکوومەت و بوون بە چەکدار و پشتیوانیی حکوومەتیان کرد دژی شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتیی بارزانی. ئەمە ھاندەرێکی دیکەی حکوومەت بوو بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزتر و پلانێکی تۆکمەوە ھەوڵی کۆتاییھێنان بە شۆڕش بدەن، بۆیە لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٦ەوە ئامادەکارییان بۆ ھێرشێکی چڕ و بەرفراوان بۆ سەر کوردستان کرد، تاوەکو ١٥-١٦ی نیسانی ١٩٦٦ بۆ جێبەجێکردنی ھێرشەکە دیاری کرا.

باس لەوە دەکرێت کە وەزیر بەرگری فەریق ڕوکن عەبدولعەزیز عوقەیلی ئەو کەسە بوو کە پلانەکەی دانا، پلانە سەربازییەکە بە (تەوەکەلتو عەلەڵڵا) ناونرا، حکوومەت دڵنیا بوو لە سەرکەوتنی پلانەکە، تەنانەت باڵیۆزی عێراق لە تاران لەو ڕۆژەی (ج) کە ھێرشەکەی تێدا دەستی پێکرد، یاداشتێکی بۆ حکوومەتی ئێران ناردبوو و داوای لێ کردبوو ڕێگە نەدەن پاشماوەی ھێزە یاخیبووەکان دوای تێکشکانیان بچنە ناو وڵاتەکەیان، بە تایبەتی داوای کردبوو ڕێگە نەدەن مەلا مستەفا بارزانی مافی پەنابەری وەربگرێت.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەت شانازیی بە پلانەکەیەوە دەکرد، چونکە نەخشەکە لەلایەن شارەزایانەوە کێشرابوو و بە وردەکاریی زۆرەوە تا بچووکترین خاڵ ڕێکخرابوو، ھێرشی سەر چیای ھەندەرێن تا ئەو کاتە نەبوو، کە حکوومەت بەو شێوە ھێرشە بەرفراوانە بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکان ئەنجامی دابێت.

پلانە سەربازییەکەیان ئامانجی ئەوە بوو ڕۆڵێکی گرنگ بە گرووپی جیابووەوەی مەکتەبی سیاسی بدەن، سوپاش ھێرش بکاتە سەر چیاکانی زۆزک و ھەندەرێن لە ناوچەی ڕواندز و بەمەش ھەولێر و سلێمانی و کەرکووک لە مووسڵ و زاخۆ و دھۆک داببڕن. لە ھەمان کاتدا، لێدانی ھێزەکانی شۆڕش لە پشتەوە لەلایەن گرووپی جیابووەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرۆک عەشیرەتەکانی سەر بە حکوومەت لە ناوچەکەدا، و پێشڕەوییان بەرەو بارەگای بارزانی، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق شەش لیوای لە نێوان دوو فیرقەدا بۆ ئەم مەبەستە ھەڵبژارد.

پلانەکە جێبەجێ کرا و ڕۆژی ١٥ی نیسانی ١٩٦٦ بۆ ھێرشی گشتی دیاری کرا، بەڵام پلانەکە دوای کەوتنی ھێلیکۆپتەرەکەی عەبدولسەلام عارف بە دوو ڕۆژ و مردنی، واتە لە ١٣ی نیسانی ١٩٦٦ لەو وادەی دیاریکراوە دواخرا، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی نوێ عەبدولڕەحمان عارف کە دوای مردنی براکەی دەسەڵاتی گرتە دەست ھەوڵی دانوستان و ڕێککەوتنی دا، بەڵام نەیتوانی بەسەر ئەفسەرە پلە باڵاکانی سوپادا زاڵ بێت کە سوور بوون لەسەر جێبەجێکردنی پلانە دواخراوەکە، لە ئەنجامی گوشارەکان سەرۆک ڕازی کرا پلانەکە جێبەجێ بکات. 

حکوومەتی عێراق دوو فیرقەی سەربازیی بۆ ھێرشکردنە سەر ڕواندز ئامادە کردبوو، فیرقەی یەکەم لە لیواکانی (١، ١٤، ١٥) پێکھاتبوو، بە سەرکردایەتیی زەکی حوسێن حلمی بوو، فیرقەی دووەم لە لیواکانی (٣، ٤، ٥) بە سەرکردایەتیی لیوا ڕوکن ئیبراھیم فەیسەڵ ئەنساری پێکھاتبوو، لە سەرەتای مانگی ئایار، لە شەوی ٢/٣دا، ھێرشێکی بەرفراوانیان بە یارمەتیی ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوان و بە پشتیوانیی تۆپخانە و ھێلیکۆپتەرەکان دەست پێ کرد، سوپای عێراق لە بەرەکانی کۆرک و دۆڵی ئاکۆیان و زۆزک و ھەندەرێن پێشڕەویی کرد و توانی لەو ھێرشانەدا چیای ھەندەرێن داگیر بکات و ئەرکی پاراستنی ناوچەکە لەو کاتەدا بە تەواوی لە ئەستۆی سوپای شۆڕشی کوردستان بوو، بەڵام زۆربەی چیای ھەندەرێن لە دەستی پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراقدا بوو، لە بەرامبەردا چیای زۆزک لە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستانبوو، ھێزەکانی خۆشناوەتی و دەشتی ھەولێر و ھێزەکانی بارزان و پێشمەرگەی ناوچەکە بە خوێن زۆزکیان پاراست و دوای شەڕێکی سەخت و بەرگرییەکی توند لە چیاکە، سوپا نەیتوانی زۆزک داگیر بکات، ئەوەش بەھۆی بەرگریی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە، لەوانە حاجی بێرۆخی و عەزیز خانی موھاجیر، لە گەلیی عومەر ئاغا و بناری زۆزک، ھەروەھا تۆپخانەی شۆڕش کە لەلایەن حالی دۆڵەمەری و عومەر عوسمانەوە پشتیوانیی ھێزەکانی پێشمەرگەیان کرد.

سەبارەت بەم شەڕەش، لە نامەیەکدا لە ئیدریس بارزانی کە لە شەوی ١١-١٢ی ئایاری ١٩٦٦ بۆ مەسعود بارزانی نێردراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لەوانەی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەرگریکردن لە چیای زۆزکدا ھەبوو، ھێزی مام و سو دزەیی و فەرماندەی فەوجی ھێزەکانی سەفین مستەفا حاجی ئەمین بوون، سەرەڕای ھێرشە بەرفراوانەکەی سوپای حکوومەت، فەرماندەی فەوجەکانی ھێزی دەشتی ھەولێر ھەریەکە لە عەریف عوسمان یووسف و حەسەن عەلی توانییان بە توندی بەرگری بکەن و ڕووبەڕووی ھێرشەکە ببنەوە. ھەروەھا ھێزێکی سوپای یەکەم بە سەرکردایەتیی فارس کۆرمارکی بەشدارییان کرد و ڕۆڵێکی دیاریان گێڕا و بەمەش توانییان بەرگری لە چیای زۆزک بکەن، بەڵام بەبێ ئەو بەرگرییە سوپا توانی چەندین پێگەی سەربازیی ستراتیژی لە چیای ھەندەرێن داگیر بکات، لەو سەرکەوتنە سەرەتاییەی حکوومەت لە ھەندەرێن بەدەستی ھێنا، لیوا سەعید حەمۆ وتی "ڕیشم ناتاشم تا نەگەمە گەڵاڵە".

 شایانی باسە ئیدریس بارزانی لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە وەک سەرپەرشتیاری گشتیی بەرەی شەڕ دیاری کرا، ئەوەش لە ڕێگەی چەندین نامەی تایبەتی نێوان ئەو و فەرماندەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا بە ڕوونی دەردەکەوێت، وەک ئەو نامەیەی لە عیزەت سولەیمان بەگ دەرگەڵەییەوە ئاراستەی ئیدریس بارزانی کراوە، ئەو نامەیەی کە بەرواری ٥ی ئایاری ١٩٦٦ی ھەڵگرتووە، ئاگاداری کردووەتەوە لە مەینەتیی پێشمەرگە و داوای لێ کردووە پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، ڕۆژی دواتر ئیدریس بارزانی وەڵامی دایەوە و سەرجەم داواکارییەکانی جێبەجێ کرد، لە نامەیەکی دیکەشدا کە ئیدریس بارزانی بۆ ڕەئیس کەمال، مەلازم ڕەحمان، سەعید ئەحمەد ئاغا مێرگەسۆری، عەریف یوونس، مام ئەلیاس، مام سدیق، و عیزەت سولەیمان بەگ ناردوویەتی، داوای لێ کردوون: "دەبێت چیای ھەندەرێن بە ھەر نرخێک بێت وەربگیرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە خوێنیش بێت، چونکە ھیچ بژاردەیەکی دیکە نییە" لە لایەکی دیکەشەوە، بەھۆی ئەو بارودۆخە لەناکاوەی بەھۆی دەستبەسەرداگرتنی چیای ھەندەرێن دروست بوو، ئیدریس بارزانی بڕیاری دا فەخر حەمەد ئاغا مێرگەسۆری وەک بەرپرسی گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چیای ھەندەرێن دیاری بکات، و داوای لە سەرجەم فەرماندەکان کرد پابەندبوونی تەواویان بە ڕێنماییەکانەوە ھەبێت بە ھەر نرخێک بێت.

دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی شۆڕشی کوردستاندا بڕیار درا بەرەی شەڕ بەم شێوەیە دابەش بکرێت:

کەرتەکەی عیسمەت دینۆ زاخۆیی بۆ بەرەی پشتەوەی گوندی پێشۆک، سێیەی چوارەمی حیزبی شیوعی بۆ بەرەی ئەشکەوتی شەھیدان، کەرتێکی دیکەی پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی مەلازم ڕەحمان بۆ بەرەی قەڵاتگە و چەقڵی میر برایم، و کۆتا بەرەکان بۆ سێیەی یازدەی حیزبی شیوعی لەگەڵ فەوجی چوارەم یەکەمیان بە سەرپەرشتیی مام سدیق و دووەمیان لەلایەن عیزەت سولەیمان بەگ دەرگەڵەییەوە بوو، و لەگەڵیاندا دەستەیەک بە سەرپەرشتیی ساڵح ئاکۆیی ھاوکارییان کرد.

لە کۆتاییدا و لە یازدەی ئایاردا، مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ فەرماندەکانی بەرەی شەڕ، پاش دڵنیابوون لە سەرکەوتن، کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دواتر کاتژمێری سفر لێیدا، هەریەکە لە فایەق حەمەد ئاغا مێرگەسۆری و کەمال نەعمان و نەعمان عەلوان ناسراو بە مولازم خدر و عیزەت سولەیمان بەگ سەرکردایەتی هێرشەکەیان کرد کە دوای تۆپبارانێکی توند بۆ سەر پێگەکانی سوپاى عێراق دەستیپێکرد، 

پێشمەرگە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و زیانەکانی سوپا گەیشتە نزیکەی ٤٠٠ کوژراو و ٦٠٠ بریندار، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی بریندارانی ڕیزەکانی سوپاى عێراق، شاری موسڵ و کەرکووک و سلێمانی پڕبوون لە تەرم و بریندار، هەروەها هەندێک قوتابخانە چۆڵکران بۆ ئەوەی بریندارانی تێدا نیشتەجێ بکرێن، شایەنی باسە سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ئەم ژمارە زۆرەی کوژراوانی ڕیزەکانی سوپاى عێراق، و بوون بە قوربانی سیاسەتی حکومەتی شاری به‌غدا، بارزانی دڵخۆش نەبوو چونکە نەیدەویست خوێن بڕژێت، هەروەها ڕایگەیاند کە پێیوایە دۆزی کورد لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر دەکرێت.

زیانەکانی پێشمەرگە لە شەڕەکانی هەندرێن و زۆزک بریتی بوو لە شەهیدبوونی ژمارەیەک لە فەرماندە و پێشمەرگەکان، لەوانە ناجی بێرۆخی، ئەحمەد حاجی محەمەد، میخائیل...، عەریف یونس هەولێری (فەرماندەی کەرتی)، و خدر عەولا بەگ دەرگەڵەیی (فەرماندەی کەرتی)، و ساڵح مام ئەلیاس ڕەواندزی (فەرماندەی فەوج) . . . . . . و هەشت لە پێشمەرگەکان بریندار بوون کە ئەمانەن: عەلی هینی دەرگەڵەیی، مستەفا قادر چاوڕەش، ئیسماعیل نەسروڵڵا ناسراو بە مەحمود دیکتاریۆف، حەسەنە شل قەرەچەتانی، حسێن مەحمود کلیتی، عومەر قەرەچەتانی، و سەعید عەبدولڕەزاق دەرگەڵەیی، و سەعید حەمەد ئاغا مێرگەسۆری.. و زۆری دیکە.

کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەم ناوچانە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بە شێوەیەکی لەناکاو، کە حکومەتی عێراق تووشی زیانی ماددی و گیانی گەورە بوو لە شەڕی هەندرێن، کە کارێکی سەربازى بێ وێنە بوو، تەنانەت نووسەری فەرەنسی ڕێنێ مۆریس، کە لە ناوەڕاستی شەڕەکەدا ژیاوە، بەشێکی تایبەتی لە کتێبەکەیدا بۆ ڕۆژی سەرکەوتنی پێشمەرگە تەرخان کردووە و بە (ڕۆژی قیامەت) ناوی بردووە.

دوای کۆتاییهاتنی شەڕی هەندرێن بارزانی پێشنیاری ئاگربەستی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر کرد بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت تەرمی کوژراوانی سوپاى عێراق بنێژرێن و بگوازرێنەوە، تاوەکو ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بتوانێت ئەم ئەرکە ئەنجام بدات، ئەم بانگەوازەی بارزانی ڕووی ڕاستەقینەی شۆڕشی کوردستان نیشان دەدات، کە شۆڕش پابەندی یاسای جەنگ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەم بانگەوازەش کاردانەوەی جوانی لە جنێڤ لێکەوتەوە.

ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی ئەوەی فەرماندە گەورەکانی سوپا دان بە شکستدا بنێن، وەک وەزیرى بەرگری پێشوو عەبدولعەزیز عوقەیلی، لە یەکەم کابینەی حکومەتی عەبدولڕەحمان بەزاز، کاتێک لە ٢١-٢٢ تشرینی یەکەمی ١٩٦٦ دەستنیشانکرا، و وتارێکی درێژی لە کۆبوونەوەکانی کۆشکی کۆماریدا پێشکەش کرد، و سەرەڕای ئەوەی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و چەمکە مێژووییەکانی شۆڕشی کوردی بە شێوازی جیاواز تۆمەتبار کرد، بەڵام لە بەشێک لە وتارەکەیدا وتی: "کاتێک پلانی هەڵمەتی (بەهار)مان دانا بە ئامانجی پێشڕەوی بەرەو بارزان، ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بمایە و من لە دەسەڵات بمامایە، دڵنیایی سەرکەوتن لە ماوەی سێ مانگدا دەبوو، و لە ١٣ نیسانی ١٩٦٦، پێشڕەوی بەرەو بارزان سەرکەوتوو بوو، بەڵام کۆچی دوایی سەرۆک عەبدولسەلام عارف کارەکانی گەڕاندەوە سەر ڕێچکەی خۆی، ئێمەش بەرپرسیارێتییەکەمان ڕادەستی کەسانی دیکە کرد، و سوپا شەڕی هەندرێنی بە شێوازێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو دۆڕاند. ئەم شکستە سووکایەتی ئامێزە وای لە سەرۆک وەزیرانی پێشوو کرد بەیاننامەیەک لە دوازدە خاڵ لە ٢٩ حوزەیرانی ١٩٦٦ ڕابگەیەنێت، کە لە ڕاستیدا بەیاننامەکە خۆبەدەستەوەدانی تەواوی حکومەت بوو بەبێ ئەوەی یاخیبووان پابەند بن پێوەی".

سەرەڕای ئەوەی وتارەکە لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆدایە، بەڵام دانپێدانانێکی ئاشکراشە بەو شکستە گەورەیەی کە تووشی سوپاى عێراق بووە لەسەر زاری یەکێک لە دوژمنانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و چارەسەری ئاشتییانەی دۆزە ڕەواکەی. 

شەڕی هەندرێن یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو شەڕانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەیان تێدا بەدەستهێنا لە ماوەی پێنج ساڵی شەڕی چەکداری لەگەڵ ڕژێمە جیاوازەکانی عێراق، ئەمەش سەلماندی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد توانیویەتی هێزی خۆی زیاتر لە جاران بسەپێنێت، وەک هێزێکی سەربازى و کارەکتەرێک کە حکومەت ناتوانێت پشتگوێی بخات. 

بەو شێوەیە بەرگری و هێرشی هاوبەشی حزبی شیوعی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەڕی هەندرێن نموونەیەکی جوانی خەباتی نیشتمانی هاوبەشی نێوان کورد و عەرەبی بۆ گەلی کوردستان نیشاندا، چونکە هێزەکانی حزبی شیوعی لە ناوچەکەدا وەک بەشێک لە بزووتنەوەی شۆڕشی کوردستان ڕۆڵێکی کارایان بینی و بەکاریانهێنا، لە کاتێکدا پێشتر و دوای ڕووخانی ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم، بارەگایان بۆ کرایەوە و لەلایەن بارزانی و سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە داڵدە دران.

سەرچاوەکان:

١- شوان محەمەدئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانى ١٩٦٣ – ١٩٧٠، (چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین- هەولێر- ٢٠١٦).

٢- عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د ره‌سول پشده‌رى، یاداشته‌كانم، بەرگی٣، بڵاونه‌كراوه‌. 

٣- گوینته‌ر دیشنه‌ر، كورد گه‌لى له‌ خشته‌براوى غه‌در لێ كراو، و: حه‌مه‌كه‌ریم عارف، (ده‌زگاى ئاراس- هه‌ولێر- ٢٠٠٤).

٤- عەبدولفەتاح عەلى بۆتانى، ڕۆژنامەى ئەڤرۆ، ژمارە ٥١، دهۆک، تەمووزى ٢٠٠٤.

 ٥- ڕێنیە موریس، کوردستان یان نەمان، و: ئەبوبەکر ساڵح ئیسماعیل، (چاپخانەى خانى دهۆک- دەزگاى موکریانى- هەولێر- ٢٠٠٨).

 ٦- مه‌سعود بارزانى، داستانى هه‌ندرێن سه‌ركه‌وتنى بێوێنه‌، رۆژنامه‌ى خه‌بات، ژمارە: ٣٤٦٥، ١٢ی ئایاری ٢٠١٠.

٧-مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، (٢٠٠٤).

 ٨- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

 ٩- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانی دا... حاجى بێڕۆخى ١٩١٦ – ١٩٧٥، بەرگى یەکەم، (تورکیا- (٢٠٢١).

 ١٠- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤ – ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵى سیاسیی و سەربازى لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤى- هەولێر- ٢٠١٩).

 ١١- شیرزاد زکریا محمد، الحرکة القومیة الکردیة في كوردستان العراق ٨ شباط ١٩٦٣ – ١٧ تموز ١٩٦٨، دار سپيريز للطباعة والنشر، دهوك، ٢٠٠٦.

١٢-مه‌غدید حاجى، یه‌كه‌مین قۆناغى شۆڕشى ئه‌یلول(١٩٦١-١٩٧٠)، گۆڤارى مێژوو، ژ: ١٤، هه‌ولێر، ٢٠١٠.

١٣-هاوکار کەریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، ٢٠١٢.