لەدایکبووە پیرو چیچۆ عەزیز ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی کوێزی سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ سەخیبە سەخائەدین هاوسەرگیری کردووە و کچێک‌یان بە ناوی (زەلمیر پیرۆ) لە ساڵی ١٩٥٥ بووە، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٩ وەک فەرمانبەر لە کارگەی شەکرەی مووسڵ دامەزراوە، لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول خێزانەکەی گواستووەتەوە بۆ گوندی کوێزی، لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ کۆمەڵگەی بەحرکە ڕاگوێزراوە، لە گەڕەکی (بەستە بێازە) لە هەولێر نیشتەجێ بووە، پاشان وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٩١ پەنای بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بردووە، دواتر گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٦ بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ماڵەکەی بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بەحرکە، شارەزای زمانی کوردی و ڕووسی بووە، لە بەحرکە لە ڕێکەوتی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ بەخاک سپێردراوە.
لاپەڕەکانی خەباتبەشداری لە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە سەرجەم شەڕەکاندا بەشدار بووە، دووجار بە سەختی بریندار بووە. لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سه‌ربازی عێراقی عورفی سەرجەم موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی دەستی بەسەردا گیراوە، لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٥ و دوای شکست هێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هاوسەنگەرانی بەرەو ڕوژهه‌لاتی کوردستان پەڕیوەتەوە، دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە چوارچێوەی هێزی بارزان بەرگری لە کۆمار کردووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز بەشدار بووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بەشدار بووە، یەکێک بووە لەو پێشمه‌رگه هاوسەنگەرانەی کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرازگەرا) بە خاکی باکووری کوردستاندا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی شێروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ سەرجەم هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بڕۆن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ بەشدار بووە، دوای ماندووبوون و هیلاکبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس پەڕیوەتەوە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکاوی دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کراون. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکۆ گواستراونەتەوە، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرتووە، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان کردووە، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێ گوتراوەتەوە.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت دابەش کران و لە کێڵگە کۆلخۆزییەکان (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان بۆ حکومەت دەدایەوە) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی وەرگرت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخ هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنرێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عراق، و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی گرتییەوە.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
سەرچاوەکان:- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي فی العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئه‌نفال و كۆمه‌لكوژی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی مناره - ٢٠١٠ز).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات - ٢٠١٣ز).
- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آ‌موزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- محه‌مه‌د ساڵح پێندرۆیی (جگه‌رسۆز)، ژیانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایتی ده‌ڤه‌ری مزووری باڵا، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات -٢٠٢٠ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


