دەستپێکی دامەزراندنی هێزی باڵەک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢ کاتێک لە چوارچێوەی تاپۆرێکدا ڕێکخرابوو، لە ساڵی ١٩٦٣دا، ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە دوو بەشی سەرەکی سیاسی و سەربازیدا ڕێکخران، بەشی سیاسی ڕێکخستنی پارتی بوو، بەڵام زۆرجار بەشداری مەیدانەکانی شەڕی بەرگری و هەڵمەتە سەربازییەکان دەبوون، دواتر، بەشی پێشمه‌رگه فراوان کرا و بە هێز، بەتالیۆن و لقی ڕێکخرا، لە ساڵی ١٩٦٥دا، تاپۆری باڵەک بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوت و بوو بە هێزێکی ڕێکخراوی گەورە کە لە چوار تاپۆر پێکهاتبوو، ئەرکی ئەو بەرگری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوو لە شوێنە ستراتیژییەکانی باڵەکایەتی و ڕواندز و ئەو ناوچەیە، دواتر بەهۆی زیادبوونی هێزەکانی پێشمه‌رگه و فراوانکردنی سنوور لە ساڵی ١٩٧٥دا زیاتر پەرەی پێدرا و ٣ هێزی دیکە دامەزران.

هێزی باڵەکیش یەکێک بوو لەو هێزانەی کە ناوچەیەکی جوگرافیی بەرفراوانی لە باڵەکایەتی، برادۆست، ڕواندز، گەلیی ڕووسێ، باڵەکیان، خانەقا و ئاکۆ گرتبووەوە، لە سەرەتادا فەرماندەیی هێزی پێشمه‌رگه لە ژێر بەرپرسیارێتی مەلا تەها، مینا ئاغا و قادر ئاغا بوو، پاشان موقەدەم عەزیز ئاکرەیی، عەقید کافی نەبەوی، عەبدوڵڵا ئیسماعیل و مەلا ماتۆر سەرپەرشتی هێزەکەی دەکرد.

لە ساڵی ١٩٦٤دا، سەرکردایەتی شۆڕش تاپۆرێکی لە هێزەکانی پێشمه‌رگه لە گەلالە بە سەرپەرشتی عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری و خەزالی میرخان بارزانی دامەزراند، کە دواتر سدیق ئەفەندی جێگری بوو، فەرەنسۆ هەریری بەرپرسی ئیداری و هەواڵگری بوو، فارس شوکری ڕێبەری سیاسیی پێشمه‌رگه بوو، داوود عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نووسینگەی پێنووس بوو و عەریف کاردۆش بەرپرسی ئازووقەی تاپۆرەکە بوو، محەمەد ئەمین کرێت سەرلقی ناوەندی تاپۆرەکە بوو، عەبدولڕەحمان ئیسماعیل ئەقرەوی بەرپرسی بەشی ئەندازیاری، تەها محەمەد شەریف بەرپرسی بێتەلی تاپۆرەکە و محەمەد کۆڵەکەییش بەرپرسی پاسەوانانی ناوەندەکە بوو.

تاپۆرەکە لە ٨ لق پێکهاتبوو و سەرلقەکان ئەمانە بوون:

١- حەجی بێڕۆخی

٢- حەسەن خال حەمزە

٣- عەریف یاسین

٤- هادی هێسکۆ

٥- مستەفا ساڵح نێروەیی

٦- مەلا ئەمین بارزانی

٧- عیزەت سلێمان بەگ

٨. رائیس کەمال کەسێکی عەرەبی سەرلقی کۆمۆنیستەکان بوو.

هێزی پێشمه‌رگهی باڵەک لە تاپۆرەوە بۆ هێز

لە تەممووزی ساڵی ١٩٦٥دا ڕێبەری شۆڕش مستەفا بارزانی بڕیاری دا تاپۆری ٥ی باڵەک فراوان بکات و لە شێوەی هێزدا لە نوێوە ڕێکبخرێتەوە، کە چوار تاپۆری هەبوو و دواتریش زیاتر، دەبوو هەموو هێزەکان لە سەرانسەری کوردستان ڕاستەوخۆ بکەونە ژێر کۆنترۆڵی بارزانی، عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری فەرماندەی ئەو هێزە بوو و سدیق ئەفەندی و عەبدولڕەزاق بێتوشی جێگرانی بوون، فەرەنسۆ هەریری بەرپرسی پاراستنی هێزەکە بوو، حەسەن ناسیش بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بوو، حاکم سدیق خۆشناو بەرپرسی دارایی و تەها محەمەد شەریف ئاکرەیی، نووری حەیدەر، مەولوود ئیبراهیم و عەبدوڵڵا مەلازادە هەر یەکەیان ماوەیەک بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی هێزەکە بوون، داوود عەبدوڵڵا بەرپرسی پێنووسی ئەو هێزە بوو و حەمەدەمین کرێت و حەمید ئەحمەد قەڵاسنجی هەر یەکەیان ماوەیەکیش سەرلقەکانی ناوەندی ئەو هێزە بوون.

تاپۆرەکانی هێزی باڵەک لە ساڵانی (١٩٦٥-١٩٧٠)دا

  1. تاپۆری یەکەم

حاجی بێڕۆخی فەرماندەی تاپۆرەکە بوو و ناجی بەگ و عەریف یاسین هەر یەکەیان ماوەیەک جێگرانی بوون، حەمید سەعید بەرپرسی دارایی و پێنووسی تاپۆرەکە بوو، ئەوانەی خوارەوەش سەرلقەکانی بوون:

١- زیکری یەحیا

٢- مووسا شەمەد

٣- جادیر محەمەد مزووری

٤- عەبدولڕەحمان دەروێش ئاکرەیی

٥- یاسین بێڕۆخی

٦- شێوان دیری

٧- جەوهەر بێرسیاڤی

٨- عەلی شیکاک

سەرپەلەکانیش هەر یەک لە عەزیز خان، دەسکۆ حاجی بێڕۆخی، حسێن سووری، سەعید ئیبراهیم، شێخ هۆمەر، مامەند ئاغا دێڵزە، سەباح میرکە خەیڵانی، عەبدولڕەحمان دەروێش ئاکرەیی و کەمال شەوقەل بوون.

  1. تاپۆری دووەم

مستەفا نێروەیی فەرماندەی تاپۆرەکە بوو، موحسین حاجی نێروەیی جێگری بوو، حسێن فەتاح بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆرەکە بوو و ئەوانەی خوارەوەش سەرلقەکانی بوون:

١- حەمید ئەفەندی

٢- میرخان حەمەدەمین میرخان

٣- چاوشین خانۆ

٤- هادی هێسکۆ

٥- عوسمان ساڵح نێروەیی

  1. تاپۆری سێیەم

مەلا ئەمین بارزانی فەرماندەی تاپۆرەکە بوو و عومەر سەید نەبییش جێگری بوو، حاجی محەمەد بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بوو و ئەمانەش سەرلقەکانی بوون:

١- سەید سەلیم سەید نەبی

٢- حەمەزیاد فەقیانی

٣- عوسمان هۆجرانی

٤- میرکەی خەیڵانی

  ٥- زوبێر عەلی

٦- سلێمان عەبدوڵڵا

٧- شاکر بەگی گەردی

٤. تاپۆری چوارەم

عیزەت سلێمان بەگ فەرماندەی تاپۆرەکە و محەمەد ئەمین فەقێ حەسەن جێگری بوو و ئەمانەش سەرلقەکانی بوون:

١- سەید مستەفا

٢- مەجید بەگ

٣- سەید عەبدوڵڵا

٤- مام ئالیاس ڕواندزی

٥. رائیس کەمال سەرلقی کۆمۆنیستەکان بوو

هێزی باڵەک لە قۆناغی دووەمدا (١٩٧٠-١٩٧٥)

دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بەپێی بڕیاری حکوومەت لە ناو هێزەکانی باڵەکدا تاپۆری پاراستنی سنوور دامەزرا، کە لە ٥٠٠ پێشمه‌رگه پێکهاتبوو، عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری فەرماندەی تاپۆرەکە، حاجی بێڕۆخی جێگری، حەمید ئەفەندی یاریدەدەری، داوود عەبدوڵڵا جێگری یاریدەدەرەکەی بوو، مەلا عومەر مەلا عوسمانیش ئیمامی تاپۆرەکە بوو، فەرماندەکانی سەریا ئەمانە بوون:

١- مستەفا ساڵح نێروەیی

٢- عیزەت سلێمان بەگ

٣- مەلا ئەمین بارزانی

٤- عەریف یاسین دۆسکی

٥- حەمەدەمین میرخان مێرگەسۆری

ئەمەش فەرماندەکانی سرییەکە بوون کە لە ١٨ سری پێکهاتبوو:

ئەسەد عەلی بە نازناوی فەتحی، حەسەن خدر ڕەشۆ، سەید سەلیم نەبی، عوسمان ساڵح نێروەیی، موحسین حاجی ساڵح، چاوشین خانۆ، وەسمان عەبدوڵڵا هۆجرانی، زوبێر عەلی، بێجان جوندی، سەید عەبدوڵڵا نەبی، ئەلیکۆ نەبی، عەزیز خان محەمەد، خالید محەمەد دۆڵەمەری، قادر محەمەد مزووری، مووسا شەمەد، شوان دیری، چاوشین عوبێد محەمەد و ڕەمەزان محەمەد فەقی.

لەو تابوورەدا ٩ موفەویز و ٦ ڕەئیس عورەفای سری و ٢٩ عەریف و ٧٤ جێگر عەریف و ١٢٤ پاسەوانی یەک خەت هەبوون. ئەوانەی لەو تابوورەدا جێگەیان نەبووەوە هەر کەسێک پێشتر کارمەندی حکوومەت بووبێت گەڕایەوە سەر کاری پێشووی خۆی، ئەوانی دیکە لە نوێوە لە ناوەندی هێز و تابوورەکان تۆمار کران، هەر مانگێک هاوکاری دەکران و کاتی پێویست کۆ دەبوونەوە، ناسر حەسەن وەک فەرماندەی هێز چاودێری دەکردن.

هێزی باڵەک لە قۆناغی سێیەمدا لە ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٥)

دوای دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٤دا، تابووری پاسەوانی سنوور هەڵوەشایەوە و هێزی باڵەک بە ئاستێکی گەورەتر لە نوێوە دامەزرا، عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری وەک فەرماندەی ئەو هێزە دانرا، هەر یەک لەمانە بۆ ماوەیەک وەک جێگری هێز دەستنیشان کران: مەلازم یونس ڕۆژبەیانی، نەقیب عادل ئاکرەیی، نەقیب وریا مەعرووف و نەقیب ئازاد میران. ناوەندی هێز لە چەند بەشێکی سەرەکی وەک بەڕێوەبەری، دارایی، تۆپخانە، ئەندازیاری، دژە فڕۆکە، هەواڵگری (ئیستخبارات)، پاراستن، بەرگریی نیشتمانی، بەرگریی سڤیل، تەندروستی، دادگە، مەرهەم و ئەمباران پێکهاتبوو.

  1. بەشی بەڕێوەبەری

حەسەن ناسر بەرپرس و حەمید ئەحمەدیش سەرلیقی ناوەند بوو.

  1. بەشی دارایی

حاکم سدیق خۆشناو بەرپرس و ئیدریس هادیش یاریدەدەری بوو.

  1. بەشی تۆپخانە

بەشێکی چالاک بوو بۆ پشتیوانیی پێشمه‌رگه. جۆرەکانی تۆپی ٦٠ ملم، ٨١ ملم، ٨٢ ملم، ١٢٠ ملم، ٢٥ تۆپی ڕەق و ١٢٢ ملم و تۆپی مەیدانیی ١٥٥ ملم بوون. هەرچەند ئەو تۆپانە کۆن بوون و زۆر باش نەبوون و گوللەش کەم بوو، بەڵام تۆپخانەکانی پێشمه‌رگه زۆر لێهاتوو بوون کاتێک لە بەرەکانی شەڕ بەکارهاتن لە بێهێزکردنی دوژمن زۆر بە کاریگەر بوون و زیانێکی گەورەیان گەیاند، ئەو پێشمەرگانەی لە نێو تۆپخانەکەدا بوون ئەمانەن: خالید دۆڵەمەری، عومەر عوسمان، عەریف شێخە، حەمەدەمین ڕەشاشچی، عەبدولڕەحمان بێشەیی، دڵاوەر فایەق، مەلازم خدر عەلوان، مەلازم ئەنوەر مێری، مەلازم خدر دەباخ، فریاد قادر، ئەسەد عەلی، عەریف جەبار، عەریف ئەسەد کاروانچی، عەریف سدیق قادر، جەلال سلێمان ئاشگەیی، محەمەد مەحموود هەرکی، نایب زابت جەمال، مام تۆفیق دەڕگەڵەیی، مستەفا دۆڵەمەری، عومەر ئاغای دۆڵەمەری و عەلی مستێ بارزانی. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و ئێران، خالید دۆڵەمەری، عەلی مستێ بارزانی، مستەفا دۆڵەمەری و عومەر ئاغای دۆڵەمەری ڕاهێنانی بەکارهێنانی هاوەنی ١٢٠ ملمی ئێرانییان بینی.

  1. بەشی ئەندازیاری

بەشێکی گرنگی هێزەکانی پێشمه‌رگه بوو لە کاتی شۆڕشدا، پێشمەرگەکانی ئەم بەشە ئەرکیان دانان و هەڵگرتنی مین بوو کاتێک پێویست بوو، هەروەها بۆمب و ناپاڵمەکانی کە لە کاتی بۆردومانی سوپای عێراقدا نەتەقیبوون بێکاریگەریان دەکردن و بارووتیان بۆ دروستکردنی مین بەکاردەهێنا.

پێشمەرگەکانی بەشی ئەندازیاری مەلازم یوسف پترۆس، عەبدولڕەحمان ئیسماعیل ئاکرەیی، ڕەئیس عورەفا ساڵح، تاریق ئەبو لەحیا، حاجی ئیبراهیم کۆری و محەمەد ئەمین ڕەشید کۆری بوون.

  1. بەشی دژە فڕۆکە

ئەمەش بەشێکی زۆر گرنگی هێزەکانی پێشمه‌رگه بوو بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی هێزە ئاسمانییەکان لەسەر ناوچە شۆڕشگێڕەکان، چەکەکانی هێزی دژە فڕۆکە چەکی مەترالیۆزی ١٢.٥ ملم، ١٤.٥ ملم و ٣٢ ملم بوون، لەبەر ئەوەی چەکەکان کۆن بوون، بۆ فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمە زۆر بە کاریگەر نەبوون، بەڵام ئەو پێشمەرگانەی لە بەکارهێنانی ئەو چەکانەدا شارەزا بوون، توانییان چەند فڕۆکەیەکی سوپای عێراق وەک ئیلیۆشین، مێگ ١٩، باجەر و مێگ ٢١ بخەنە خوارەوە.

  1. بەشی هەواڵگری (ئیستخبارات)

ئەم بەشە لە سەرەتای دامەزراندنی هێزی باڵەک دامەزرا، کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە گەیاندنی پەیامەکانی سەرکردایەتیی شۆڕش بۆ بەرەکانی شەڕ و پێچەوانەکەیدا هەبوو، سەرەتا لەلایەن ته‌ها محەمەد شەریف، هۆشیار و مەولوود ئیبراهیمەوە بەڕێوە دەبرا، ساڵی (١٩٧٠-١٩٧٤) زۆر گرنگیی پێ درا، عەبدوڵڵا مەلازادە بوو بە بەرپرسی گشتی، ئامێرەکانیان پێنج دەزگای بێتەلی سەرەکی، چەند دەزگایەکی ڕووسی ١٠٤ و ١٠٥، و دەزگای ڕادیۆی (گوێگرتن لە فڕۆکە) و ٨٠ ئامێری (واکی تۆکی) هەبوون و لە بەرەکانی پێشەوەی سەنگەرەکانی پاراستنی پێشمه‌رگه دابەش کرابوون.

هەموو پێشمەرگەکانی هێزی هەواڵگری کاتی پێویست لە بەرەکانی شەڕ ئامادە بوون و فەرمانەکانی سەرکردایەتییان ڕاستەوخۆ دەگەیاندە بەرەکانی شەڕ، هەروەها هەواڵی چالاکییەکانی بەرەکانی پێشمه‌رگه بۆ سەرکردایەتی و وێستگەی دەنگی کوردستان دەگەیاند، لەلایەن وێستگەکەشەوە هەواڵەکە لە سەرانسەری کوردستان بڵاو دەکرایەوە، جگە لە ڕاگەیاندنی هەواڵەکان، بێتەلەکانی ئەو هێزە بە ڕێگەی دەزگای (گوێگرتن) چاودێریی جووڵەی تۆپخانە، تانک، فڕۆکە و هێزەکانی پیادەی سوپای عێراقیان دەکرد، دەیانزانی سوپا دەیەوێت لە کوێ هێرش بکات یان بۆردومان بکات، دەستبەجێ بەرپرسانی خۆیان ئاگادار دەکردەوە و سەرکردایەتی پلانی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پاراستن یان کشانەوە لەو ناوچانە دادەڕشت، هەر کاتێک بێتەل بەهێز بوون، گورزێکی گەورەیان لە سوپای عێراق دەدا.

  1. پاراستن

ئەم بەشە لەلایەن عەبدولڕەحمان ئەبو عەوفەوە بەڕێوە دەبرا و عەبدولڕەحمان گەردی یاریدەدەری بوو، مەلازم هەژار کەرکووکی ماوەیەک بەرپرسی پاراستنی گەلیی ئاکۆیان بوو، دواتر عوسمان خۆشناو لە شوێنی ئەو ئەرکدار کرا، ئەمانە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هێزەکانی حکوومەت ئەرکدار کرابوون.

  1. بەرگریی نیشتمانی

ئەم هێزە لە ساڵی ١٩٦٩دا لەبەر دوو هۆکار دامەزرا، یەکێکیان ئاگاداربوون بوو لە پشتی مەیدانی شەڕ کە حکوومەت بە هێلیکۆپتەر هێزەکانی خۆی نەخاتە سەر زەوی و بەرزاییەکانی پشتی سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه داگیر نەکات، دووەمیان ئەوەیە کە لە کاتی پێویستدا هاوکاریی مەیدانەکانی شەڕ بکەن، بەم مەبەستە کەسانی گوندنشینی سنووری باڵەک لەژێر ناوی هێزی بەرگریی نیشتمانی بە ناوی هێزی (کارۆخ) تۆمار کران و چەک بەسەریاندا دابەش کرا، ماوەیەک شێخ محەمەد هەرسین فەرماندەی ئەو هێزە بوو و حەسەن ناسریش جێگری بوو، دوای ئەو، عەبدوڵڵا ئاغا سەرپەرشتیی کرد و حەسەن ناسریش هاوکاریی دەکرد.

  1. پاراستنی سڤیل

سەربازانی سوپای عێراق کە لە مەیدانی شەڕدا دەکوژران و تەرمەکانیان لە مەیدانی شەڕدا دەمانەوە، بەرگریی سڤیل بەپێی یاسا ئیسلامییەکان دەیانهێنانەوە و دەیاننێژتن، هەروەها لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکاندا هاوکاری و ڕێنماییی دانیشتووانی ناوچەکەیان دەکرد و تەرمی شەهیدانیان دەسپاردە خاک، جەوهەر حیرانی سەرپەرشتیی کارەکەی دەکرد و مەلا ئیبراهیم ڕێزانیش یاریدەدەری بوو.

  1. تەندروستی

ئەم دەزگایە خزمەتێکی زۆری پێشمه‌رگه کردووە، هێزی باڵەک نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەبوو کە لەلایەن برینپێچەکان ئەحمەد و مەخدید فەتاحەوە بەڕێوەدەبرا، لە ساڵی ١٩٧٤دا نەخۆشخانەکە پەرەی پێدرا و دکتۆر خەسرەو جەمیل دزەیی و دکتۆر کوردۆ هەر یەکەیان بۆ ماوەیەک سەرپەرشتییان دەکرد، برینپێچەکانیش هاوکارییان دەکردن.

  1. دادگا

دادگا یەکێک بوو لە دەزگاکانی شۆڕش، لە هێزی باڵەکدا دەزگایەکی دادوەری بە سەرۆکایەتی حاکم حەسەن پشدەری هەبوو، لە ساڵی ١٩٧٤دا حاکم سەعید یەعقوبی، حەکیم تۆفیق و حەکیم حسێن خۆشناو بوون بە یاریدەدەری، مامۆستا مەلا قادر سکتانی حاکمی گەڵاڵە و مەلا وەیس حاکمی دۆڵی ڕوستێ، بە هاوکاری شارەزایانی عورف و عادەتی کوردان، لە ڕووی شەریعەتەوە هاوکاری حاکمەکانیان دەکرد، کێشەکانیان چارەسەر دەکرد و لەبارەی بابەتەکانی پەروەردە، زەوی و خێزانەوە بڕیاری گونجاویان دەردەکرد بۆ ئەوەی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا ئاشتەوایی پێک بێت.

  1. کۆگا و ئەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی (ئەمبار)

نەقیب وریای مەعروف بەرپرسی ئەم بەشە بوو و مەلازم جەمال، مەلازم فوئاد و باقی مەعروف بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان هاوکارییان دەکرد.

تاپۆکانی هێزی باڵەک لە ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٥)

  1. تاپۆی یەکەم

پێکهاتەی تاپۆکە بەم شێوەیە بوو: حەجی بێڕۆخی فەرماندەی تاپۆکە بوو و حەمید سەعید گورگۆش بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بوو و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

مووسا شەمەد، زیکری یەحیا، عەلی شەکاک، قادر محەمەد مزووری، سەباح میرکە خەیڵانی، مامەند مستەفا دێڵزی، یاسین بێڕۆخی، جەوهەر بێرسیاڤی و سەعید ئیبراهیم کەڵێتۆکی.

  1. تاپۆی دووەم

فەرماندەی تاپۆکە مستەفا نێروەیی و عوسمان ساڵح نێروەییش جێگری بوو و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

عەبدولواحید نێروەیی، چاوشین خانۆ، حسێن فەتاح نێروەیی، موحسین حاجی نێروەیی و عەبدوڵڵا مەلا خدر.

٣. تاپۆی سێیەم

مەلا ئەمین بارزانی فەرماندەی تاپۆکە و حاجی محەمەدیش جێگری بوو و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

وەسمان هۆجرانی، سەید سەلیم، حەمەزیاد فەقیانی، ساڵح ئاکۆیی، زوبێر عەلی و سلێمان عەبدوڵڵا چاربۆتی.

٤. تاپۆی چوارەم

فەرماندەی تاپۆکە عیزەت سلێمان بەگ بوو و محەمەد ئەمین فەقێ حەسەن جێگری بوو و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

سەید مستەفا، مەجید بەگ و محەمەد مەعروف.

٥. تاپۆی پێنجەم

عەریف یاسین فەرماندەی تاپۆکە و ڕەمەزان محەمەد دۆسکی جێگری بوو و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

شێوان دیری، عەزیز خان موهاجیر و حەمید بیر دۆسکی.

٦. تاپۆی شەشەم

سەید ئاسی، بێجان جوندی و حەمید ئەفەندی هەر یەکەیان بۆ ماوەیەک فەرماندەی تاپۆکە بوون و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

حسێن حەمەدۆڵ باڵەکی، وستا ئیسماعیل، عەلی سوور، ئیسماعیل حاجی قادر و فەرزەندە ئەفەندی.

٧. تاپۆی حەوتەم

فەرماندەی تاپۆکە عەلیکۆ نەبی و سەید عەبدوڵڵا نەبیش جێگری بوو و سەرلیقەکانی ئەمانە بوون:

مەلا شێخ محەمەد، هادی سلێمان نەبی و عەریف ئیبراهیم عەبدوڵڵا.

باڵەکایەتی لە ساڵی ١٩٧٥

لە ساڵی ١٩٧٥دا، هێزەکانی باڵەک زیاتر فراوان بوون، سنوورەکەی بوو بە بەرەیەک کە ئیدریس بارزانی سەرکردایەتی دەکرد، عەبدوڵڵا ئاغای پشدەری، فەرماندەی ئەو هێزە لەو کاتەدا لەگەڵ فەرەنسۆ هەریری بوو بە ئەندامی مەکتەبی گشتی سەربازی، کە هەردووکیان لە بەڕێوەبردنی بەرەکەدا هاوکار بوون، هێزی باڵەک دابەش کرابوو بەسەر چەند هێزێکدا کە سنوورە جوگرافییەکانیان بەم شێوەیە دیاری کرابوون:

  1. هێزی باڵەک

سنووری ئەرکەکانی لەنێوان گەلی بێشە، چیای حەسەن بەگ، ئاشی خدر ئاغا، سەربەرد، چەمی موساکا تا ڕێگای سەرەکی جوندیان-گەڵاڵە بوو، عەلی خەلیل فەرماندەی ئەو هێزە بوو و مەلازم یوونس ڕۆژبەیانیش جێگری بوو، لەنێویدا چوار تاپۆ هەبوون:

١. تاپۆی ١ - حەجی بێڕۆخی

٢. تاپۆی ٢- مستەفا نێروەیی

٣. تاپۆی ٥ - عەریف یاسین

٤. تاپۆی ٦ - حەمید ئەفەندی

٢- هێزی هەندرێن

سنووری ئەم هێزە لە ڕێگای سەرەکی جوندیان-گەڵاڵە تا گەلی ئاکۆیان و کۆڕەک بوو، سەرەتا سلێمان حاجی بەدری وەک فەرماندەی ئەو هێزە دەستنیشان کرا، دواتر عیزەت سلێمان بەگ بوو بە فەرماندەی ئەو هێزە، تاپۆکانی ئەمانە بوون:

١. تاپۆی ٣. ئاکۆیان

٢. تاپۆی ٤. هەندرێن-تاپۆی ٧. عەلیکۆ

٣- هێزی سەرتیا

فەرماندەی ئەو هێزە میرخان حەمەدەمین میرخان بوو، ساڵح محەمەد کەکشار جێگری بوو و ئەحمەد ساڵح بەکیر بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بوو، هێزەکە لە چوار تاپۆ پێکهاتبوو:

١. تاپۆی یەکەم بە فەرماندەیی ئەحمەد حەسەن سلێمان بوو.

٢. تاپۆی دووەمیش لەژێر فەرماندەیی مەهدی حەسەن دۆسکی بوو.

٣. تاپۆی سێیەم شەباز ئەحمەد شەباز فەرماندەی بوو.

٤. تاپۆی چوارەمیش بە فەرماندەیی ئیبراهیم کورەمارکی بوو.

٤- هێزی زۆزکی

هێزی زۆزکی لەو سەربازە کوردانە پێکهاتبوو کە لە ساڵانی ١٩٧٣-١٩٧٤دا لە سوپای عێراق هەڵاتبوون و تێکەڵی سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان بووبوون. هێزەکە لە سێ تاپۆ پێکهاتبوو:

١. تاپۆی یەکەم بە فەرماندەیی نەقیب حەسەن بارزانی بوو.

٢. تاپۆی دووەمیش لەژێر فەرماندەیی مەلازم یوونس ڕۆژبەیانی بوو.

 

٣. تاپۆی سێیەم بە فەرماندەیی نەقیب عادل ئاکرەیی بوو.

سەرچاوە:
  1. ئیسماعیل گوندەژۆری: شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەکایەتی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، چاپی ١، ٢٠١٨.

  2. غازی عادل گەردی: پێشمه‌رگهیەک لە خزمەتی ڕێگای بارزانی دا حەجی بێڕۆخی، بەرگی ١، چاپی دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

  3. عەبدوڵڵا ڕەحمان مەلازادە، شێوەی پێکهاتەی سەربازی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، چاپی دووەم، دهۆک، ٢٠١٢.

  4. هاوکار کەریم حەمە شەریف: شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٠، چاپی ١، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.

  5. سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو: ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپی ١، هەولێر، ٢٠٢٢.

  6. عومەر عوسمان: ژیانی کوردێکی، چاپخانەی موکریانی، چاپی ٢، بەرگی ١ و ٢، ٢٠٠٨.

  7. ملازم خدر عەبدوڵڵا دەباغ: بیرەوەرییەکانی من و تۆپخانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، چاپی سێیەم، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠٢٠.