هۆکارەکانی بەستنی کۆنفرانس 

بەپێی دابەشکردنی قۆناغەکانی کاری ڕێکخراوەیی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و هەرچەندە ساڵی ١٩٦٤ بە دەستپێکردنەوەی کاری نهێنی ڕێکخراوەکە دادەنرێت کە دیسان لە ساڵی ١٩٦١ دەستی پێکردەوە، لەو ساڵەوە تا ساڵی ١٩٧٠ ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاوازتر بووەوە کە ناوی لێنرا قۆناغی جیابوونەوە، لە ماوەی ئەم قۆناغەدا دوو ئاراستەی ڕێکخراوەکە کە هەمان ناویان هەڵگرتبوو (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا هەوڵیاندا قوتابیان بۆ ڕیزەکانیان ڕابکێشن، بۆیە لە کێبڕکێیەکی ناتەندروستدا بوون.

پێش ئەوەی باس لە هەر قۆناغێکی کاری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بکرێت، پێویستە چاوێک بە دۆخی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو قۆناغەدا بخشێنینەوە، بۆ ئەوەی ڕووداوەکانی ناو ڕێکخراوەکەمان بۆ ڕوون ببێتەوە، و ئەوەی لە کاریگەرییە دەرەکییەکانی حیزبییەوە ڕەنگیداوەتەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێکخراوەکە هەبووە، بەتایبەتی کە یەکێتی قوتابیان یەکێک بوو لە گرنگترین سەکۆ و پایە کاریگەرەکانی حیزب و ڕووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی حیزب کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێکخراوەکە هەبوو.

دوای ڕێککەوتننامەی ١٠ی شوباتی ١٩٦٤ لە نێوان شۆڕش و حکومەت، بە ئامانجی جیاکردنەوەی سلێمانی لە پارتی و شۆڕش و وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێککەوتننامەکە، مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیابووەوە. لە ئەدەبیاتی مێژووی کوردیدا بە (جەلالییەکان) ناویان دەبرێت.

هەرچەندە هەوڵەکانی ئەم جیابوونەوەیە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام ساڵی ١٩٦٤ و دوای مانگی شوبات بە شێوەیەکی ئاشکرا حیزبی بوو. کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونی ئەم دابەشبوونەی حیزبە، چونکە ئەم گروپەی مەكته‌بی سیاسی هەوڵیاندا سکرتاریەتێک دروست بکەن بەبێ بانگهێشتکردنی ئەندامانی بادینان. زۆربەی ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان لە ناوچەی سلێمانی هەڵبژێردران.

لە ٨ی حوزەیرانی ١٩٦٤، ئەم سکرتاریەتە بەیاننامەیەکیان دژی سەرکردە مستەفا بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناونیشانی "هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بە مەلا مستەفا بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان" دەرکرد. لە ١٩ی ئابی ١٩٦٤ لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە سلێمانی وەڵامی ئەم بەیاننامەیە درایەوە، کە پشتیوانی خۆیان بۆ سەرکردە مستەفا بارزانی و شۆڕش و پارتی دیموكراتی كوردستان.

بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و بڕیارەکانی

لەبەر ئەوەی گروپی جیابووەوەی مەكته‌بی سیاسی کەمینەیەک بوون لە حیزبدا، سەرکردایەتی یەکێتی قوتابیان کە بە تەواوی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو گروپە تەرخان کرابوو، توانای بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکەی نەبوو، بۆیە بڕیاردرا کۆنفرانسی ڕێکخراوەکە لە زووترین کاتدا ببەسترێت.

وەک ئەنجامی ناڕەزایی بنکە ڕێکخراوەییەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ئاستی دەسەڵاتخوازی سکرتاریەتی کۆنفرانسی چوارەم و پەراوێزخستنی قوتابیانی ناوچەی بادینان لە کۆنفرانسی چوارەمدا، بەتایبەتی کە سەرکردایەتییەکە نوێنەرایەتی بەشێک لە پارێزگای سلێمانی دەکرد نەک هەموو کوردستان. بۆیە لە سەرەتای مانگی ئابی ١٩٦٤، دوای شەش مانگ لە بەستنی کۆنفرانسی چوارەم، نوێنەرانی قوتابیان کۆنفرانسی دووەمی خۆیان بە ئاشکرا لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای سلێمانی لە گوندی کانی ماسی بەست. دەستەیەکی نوێی سەرکردایەتی بۆ ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەم هەڵبژێردرا.

دەستە نوێیەکە هەڵبژێردرا کە لە هەمان کاتدا لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس بوو بەم شێوەیەی خوارەوە:

١-  بەکر حوسێن- ڕێکخستنی سلێمانی

٢- جەلال حەمە عەلی- ڕێکخستنی سلێمانی

٣- عەدنان حاجی مووسا- ڕێکخستنی بەغدا

٤- حەوێز دزەیی- ڕێکخستنی بەغدا

٥-  عەبدولوەهاب تاڵەبانی- ڕێکخستنی کەرکووک

٦-  جەواد محەمەد شێروانی- ڕێکخستنی هەولێر

٧- عەبدولکەریم فەندی- ڕێکخستنی دهۆک.

بەو شێوەیە هەموو ڕێکخستنەکان، بە پێچەوانەی سەرکردایەتی کۆنگرەی چوارەم، نوێنەریان لەم سەرکردایەتییەدا هەبوو.

سەرچاوە و پەراوێزەکان

١- ماجد حەسەن عەلی، بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، نامەی ماستەر/زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر ٢٠٠٨، بڵاوکراوەی سپیرێز، (هەولێر- چاپخانەی حاجی هاشم)، ل ل ٤٦، ٥١.

٢- عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، چاپی یەکەم، (هەولێر-چاپخانەی ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٤٣؛ دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرە کۆنفرانس (پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ)، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆژهەڵات- ٢٠٢١)، ل ١٧٨.

٣- عیرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ل ٤٣-٤٤.

٤- شازین هێرش، ڕێکخراوە دیموکراتی و پیشەییەکان لە چەندین بەڵگەنامەی مێژووییدا ١٩٥٨ ـ ١٩٦٨، چاپی دووەم، (سلێمانی ـ چاپخانەی ڕاز ـ ٢٠٠١ز)، ل ل ٧٣، ٧٥.

٥- هەمان سەرچاوە، ل ل ٨١-٨٢.

٦- ساسان عەونی، یەکێتی قوتابیانی کوردستان چەند لایەنێکی تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ٢٤.

٧- ماجد حەسەن عەلی، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٥٠؛ عیرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٤٤.