کۆنگرەی یەکەم یان (دامەزراندن)ی پارتی دیموکراتی کوردستان-(پارتی دیموکراتی کورد) لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بە شێوەیەکی نهێنی لەسەر ڕاسپاردەی سەرکردە مستەفا بارزانی و بە ئامادەبوونی (٧٠) نوێنەر لە کەسایەتییە کوردەکانی باشووری کوردستان بەسترا، و دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ لە باشووری کوردستان ڕاگەیەندرا.

پاشخانی مێژوویی

لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٤٣ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد" (ژ.ک) دامەزرا، لە ١٦ی ئابی ١٩٤٥ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم پارتە بە پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤیەت لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ توانی کۆماری کوردستان (مەهاباد) بە سەرۆکایەتیی قازی محەممەد لە بەشێک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنێت، هاوکات لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ کۆمیتەی ئازادی بە سەرۆکایەتیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە باشووری کوردستان دامەزرا.

دوای شکستھێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ١٩٤٥، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی فەرماندەی گشتیی شۆڕش بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمیتەی ئازادی و سەرکردایەتیی بەرەکانی شەڕ، پاش پەیوەندیکردن بە سەرکردە کوردەکانی کوردستانی ئێران و بەرپرسانی سۆڤیەت، بڕیاری دا بە تەواوی هێزەکانییەوە بەرەو کوردستانی ئێران بکشێتەوە، دوای زنجیرەیەک شەڕ توانییان لە ڕێگەی کێلەشین-مەرگەوەرەوە بچنە ناو خاکی کوردستانی ئێران.

دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، سەرەڕای سەختیی دۆخەکەیان، هێزەکانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بە هەموو کەرەستەکانیانەوە چوونە پاڵ کۆمارەکە.

بڕیاری دامەزراندن

 دۆخی کوردستانی ئێران و گۆڕانکارییە گونجاوەکانی، بیری کۆمیتەی ئازادیی لەبارەی چارەنووسی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان سست نەکرد، بەتایبەت ئەزموونی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەو ئەزموونانەی لە شۆڕشی دووەمی بارزانەوە وەرگیرابوون، لەم قۆناغەدا دەرکەوت کە دامەزراندنی پارتێک لە کوردستانی عێراق هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێویستە، بۆیە دوای ڕاوێژ و شیکردنەوەی قووڵی دۆخی ناوچەکە، مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە ئەفسەران و ئەندامانی کۆمیتەی ئازادی بڕیاریان دا پارتێک لە کوردستانی عێراق دابمەزرێنن کە لەگەڵ خواست و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستاندا بگونجێت.  

بناغەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردە مستەفا بارزانی لەگەڵ ئەمانەی خوارەوە دانرا:

پارێزەر حەمزە عەبدوڵڵا، نەقیب میرحاج ئەحمەد، عەقید ڕوکن عیزەت عەبدولعەزیز، نەقیب مستەفا خۆشناو، نەقیب خەیروڵڵا عەبدولکەریم، نەقیب محەممەد مەحموود قودسی و مەلازم نوری ئەحمەد تەها. پاشان ئەمانە وەک ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر دیاری کران، لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵ درا یەکەم بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە جێگیر بکرێت.

بەهۆی ئەو قۆناغە هەستیارەی کۆماری کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبوو، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکە نەبێتەوە، مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی بڕیاریان دا دامەزراندنی پارتەکە و چالاکییەکانی ڕاستەوخۆ بگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان، بۆ هەمان مەبەست بڕیار درا حەمزە عەبدوڵڵا بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە و بە کۆمەڵێک ڕاسپاردەوە بگەڕێتەوە باشووری کوردستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی شۆڕش و ڕزگاری و لقی دیموکرات لە سلێمانی.

ڕاسپاردەکان ئەمانەی خوارەوە بوون: 

١- لە ئێستادا هیچ دەستکارییەک لە پەیڕەوی ناوخۆدا نەکرێت.

٢- شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموودی حەفید وەک جێگری یەکەمی سەرۆک دیاری بکرێت.

٣- محەممەد کاکە زیاد وەک جێگری دووەم دیاری بکرێت.

٤- بۆ ئەوەی بیانوو نەدرێتە دەست ئیستعمار، نابێت گوشار بخرێتە سەر بەرژەوەندییە بەریتانییەکان تا پارتەکە دەتوانێت پایەکانی خۆی جێگیر بکات، ئەمە جگە لەوەی ئیستعماری بەریتانی لاواز بووە و باشترە دەسەڵاتێکی نیشتمانی شوێنی بەتاڵی ئەو پڕ بکاتەوە، و نابێت ئەم بۆشاییە بکەوێتە دەست ئیستعمارێکی نوێ وەک ئەمریکا.

لە کۆتایی بەهاری ١٩٤٦ حەمزە عەبدوڵڵا گەڕایەوە باشووری کوردستان و پەیوەندیی بە پارتەکان و کەسایەتییە ناسراوەکانەوە کرد، سەرکردایەتیی هەردوو پارتەکە (شۆڕش و ڕزگاری) بڕیاریان دا پارتەکانیان هەڵبوەشێننەوە و بچنە ڕیزەکانی پارتییەوە. بەو مەرجەی هەردوو پارتەکە کۆنگرەی تایبەتی خۆیان ببەستن و ئەندامانیان لەبارەی چۆنیەتیی گۆڕانکارییەکان لەناو کۆنگرەدا ئاگادار بکەنەوە.

کۆنگرەی هەردوو پارتەکە لە سەرەتای مانگی ئابی ١٩٤٦ بەسترا، زۆرینەی ئەندامانی هەردوو پارتەکە ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر چوونە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێکی کەم لە سەرکردە و ئەندامانی پارتی شۆڕش چوونە ناو پارتی کۆمۆنیستی عێراق.

پێش ئەوە و لەبارەی پرسی چوونە ناو پارتە نوێیەکەوە، پارتی ڕزگاری کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لقی باشووری کوردستانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بەست، ئەنجامەکەی چوونە ناو بەشێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی ئازادی بوو بۆ ڕیزەکانی پارتی ڕزگاری، و بۆ وەڵامدانەوە ئیبراهیم ئەحمەد داوای مۆڵەتی کرد.

دامەزراندن

هەریەکە لە پارتی شۆڕش و پارتی ڕزگاری کۆنگرەی خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە بەست و بڕیاریان دا بچنە ناو پارتییەوە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پارتە نوێیەکە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ یەکەم کۆنگرەی خۆی بە نهێنی لە ماڵی سەعید فەهیم لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی (٧٠) نوێنەر بەست، لە کۆنگرەکەدا بەشێکی گەورەی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی شۆڕش و تەواوی سەرکردایەتیی پارتی ڕزگاری (جگە لە ساڵح حەیدەری و نافیع یوونس)، و حەمزە عەبدوڵڵا وەک نوێنەری مستەفا بارزانی و متمانەپێکراوی، مەحموود ئەحمەد نوێنەری شێخ لەتیف، کاکە حەمە زیاد و ئیبراهیم ئەحمەد، و نوێنەرانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لقی سلێمانی بەشدار بوون.

کۆنگرەکە کار و ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هێنا، ئەندامانی کۆنگرە دەقی پەیڕەوی ناوخۆیان دوای هەڵسەنگاندن و ئەنجامدانی کەمێک دەستکاری تێیدا پەسەند کرد، کە پێشتر لەلایەن دەستەی دامەزرێنەر لە مەهاباد داڕێژرابوو، پارتە نوێیەکە ناونرا (پارتی دیموکراتی کورد - عێراق)، مستەفا بارزانی لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردرا، و لەسەر بنەمای ڕاسپاردەی پێشوەختەی مستەفا بارزانی، شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموودی حەفید وەک جێگری یەکەم و کاکە زیاد وەک جێگری دووەمی پارتەکە دیاری کران. ڕۆژنامەی ڕزگاری کە زمانحاڵی پارتی ڕزگاری بوو و بەهۆی ڕۆڵەکەی لەناو جەماوەردا، بوو بە زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کورد، تەواوی کەلوپەلەکانی هەردوو پارتی شۆڕش و ڕزگاری ڕادەستی سەرکردایەتییە هەڵبژێردراوە نوێیەکە کرا، و بڕیار درا بارەگای سەرکردایەتیی پارتەکە لە شاری بەغدا بێت.   

دوای دیاریکردنی ناوی پارتەکە و سەرۆک و جێگرەکانی، هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە دەستی پێ کرد، ئەو بەڕێزانەی خوارەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران:

١- مستەفا بارزانی، سەرۆک

٢- شێخ لەتیف شێخ مەحموودی حەفید، جێگری یەکەمی سەرۆک

٣- کاکە حەمە زیاد کۆیە، جێگری دووەم

٤- حەمزە عەبدوڵڵا، سکرتێر

٥- میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی، ئەندام

٦- دکتۆر جەعفەر محەممەد کەریم، ئەندام

٧- عەلی عەبدوڵڵا ئەمین، ئەندام

٨- سەیدا ساڵح یوسفی، ئەندام

٩- عەبدولکەریم تۆفیق، ئەندام

١٠- ڕەشید عەبدولقادر، ئەندام

١١- ڕەشید باجەلان، ئەندام

١٢- مەلا سەید حەکیم خانەقینی، ئەندام

١٣- عەونی یووسف ئەحمەد، ئەندام

١٤- تەها موحیەدین مەعرووف، ئەندام

   ١٥- عەبدولسەمەد بانا، یەدەگ

دوای ئەوە هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی نوێ لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندییەوە ئەنجام درا، و پێکهات لە: حەمزە عەبدوڵڵا، دکتۆر جەعفەر محەممەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، عەبدولکەریم تۆفیق و ڕەشید عەبدولقادر.

مەکتەبی سیاسیی پارتیی هەڵبژێردراو دەستی بە پرۆسەی دابەشکردنی ئەرک و کارەکان کرد و بڕیاری دا شوێنی نیشتەجێبوونی زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە شاری بەغدا بێت، بەو مەرجەی بارەگاکەیان لە هەمان شار بمێنێتەوە. پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مەکتەبی سیاسی و سەرۆک مستەفا بارزانی دروست بوو.

سەرچاوەکان:
  • .