ژیاننامە  

مەسعود مستەفا کاکە حەمە حسێن، ناسراو بە مەسعود ساڵەیی، لە شاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبووە، قۆناغی ئامادەیی لە کەرکووک خوێندووە، لە ساڵی ١٩٦٥ پەیمانگەی مامۆستایانی لە بەشی وێژەیی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٦٦ لە بەشی یاسای زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧ لە قۆناغی دووەمدا زانکۆی بەجێهێشتووە، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ڕووی لە وڵاتی ئێران کردووە و وەک پەنابەر تێیدا ژیاوە، لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە کوردستان، شارەزای زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی و ئینگلیزی)یە.  

لاپەڕەکانی خەبات

ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، لە هەمان ساڵدا یەکێک بووە لە پێشمەرگەی ناوخۆ لە شاری کەرکووک، لە ساڵی ١٩٦٥ بووەتە بەرپرسی لیژنەی ڕێکخستنی دبس سەر بە لقی کەرکووک لە چوارچێوەی لقی سێ، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری لە شەڕی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی دژی سوپاى عێراق کردووە، لە ساڵی ١٩٦٧ بووەتە بەرپرسی لیژنەی ڕێکخستنی دەرەوە سەر بە لقی کەرکووک لە چوارچێوەی لقی سێ، لە ساڵی ١٩٦٧ لەلایەن گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانییەوە دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە کاتێک لە قۆناغی دووەمی بەشی یاسای زانکۆی بەغدا بووە و ئەشکەنجە دراوە و دواتر ڕادەستی دەزگای ئاسایشی گشتی عێراق کراوە، ئەوەش بووەتە هۆی پچڕانی خوێندنەکەی بە یەکجاری، لە (١٩٦٧- ١٩٦٨) لە زیندانی کەرکووک و باب ئەلشەت لە شاری مووسڵ زیندانی کراوە، لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ بەشداری لە بەرگری بەرامبەر بە هەڵمەتی هێزە چەکدارەکانی گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانی بە پشتیوانی هێزە زەمینییەکانی سوپاى عێراق لە ناوچەکانی جەباری و قەرەحەسەن لە پارێزگای کەرکووک کردووە، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٨ بە فەرماندەیی عەلی قاسم ناسراو بە عەلی شنگالی ئەندامی مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەڕی چیای سەڵباتۆ لە پارێزگای کەرکووک دژی هێزەکانی گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد – جەلال تاڵەبانی بەشداری کردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ نوێنەر بووە لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵام تێیدا ئامادە نەبووە، لە ساڵی ١٩٧٤ بووەتە ئەندامی کارای لقی خەبات کە سەرجەم ئەمینداریەتییە گشتییەکانی شۆڕشی ئەیلوولی لەخۆ گرتبوو، پێش ساڵی ١٩٨٣ لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی مكتب سیاسی کاری کردووە، لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣ وەک ئەندامی دەستەی نووسەران بۆ بەشی ڕاگەیاندن گواستراوەتەوە، لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٣ بووەتە ئەندامی ڕێکخستن لە لیژنەی ڕێکخستنی بارەگای مكتب سیاسی، لە ١٦ی تەممووزی ١٩٨٥ لە دەستەی نووسەرانی ڕاگەیاندن دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٨٤ بووەتە ئەندامی دەستەی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی ١٩٨٥ لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان کاری کردووە، لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٥ بووەتە ئەندامی لیژنەی لق لە لقی دوو، لە ساڵی ١٩٨٦ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سەفین بووە کە زمانحاڵی لقی دوو بووە، لە ساڵی ١٩٨٦ بووەتە ئەندامی کارا لە لقی سێ، لە ١ی نیسانی ١٩٨٧ لە ئاهەنگی پەنجاو سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق لە ناوچەی قەرەداغ بەشداری کردووە، لە (١٩٨٦- ١٩٨٧) سەرنووسەری گۆڤاری بابەگوڕگوڕ بووە، لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەی داهەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە، لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ وەک ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندن دیاریکراوە.

لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستان بەشداری کردووە، لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەی یازدەیەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە، لە ساڵی ١٩٩٣ بووەتە بەرپرسی لقی سێی کەرکووک، لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٤ وەک نوێنەری مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، لە ساڵی ١٩٩٤ بووەتە ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی و دوای ماوەیەک بووەتە بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی، لە ساڵی ١٩٩٥ وتارێکی لە ڕۆژنامەی برایەتی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو بڵاوکردووەتەوە، لە ٨ی شوباتی ١٩٩٦ لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریکردن لە حەڤدەیەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەردانی شاری تارانی کردووە، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی تەممووزی ١٩٩٧ بە یاوەری مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر لە کردنەوەی کۆنگرەی چوارمی (کۆنگرەی یەکسانی) بەشداری کردووە، لە ساڵی ١٩٩٧ مامۆستای وانەی ڕێکخستن بووە لە پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر، لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن مندووبی کۆنگره‌ی دوازدەیەم بە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە ڕیزبەندی سێیەم هەڵبژێردراوە، لە ساڵی ٢٠٠٠ پێشوازی لە شاندی ڕۆشنبیرانی عەرەب کردووە، لە ساڵی ٢٠٠١ مامۆستای وانەی ڕێکخستن و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو بووە لە شاری هەولێر.

لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠١ بە یاوەری مەسعود بارزانی لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی دوازدەهەمی پەیمانگەی ئامادەکردنی کادیران لە شاری هەولێر بەشداری کردووە، و لە ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ لە کۆبوونەوەی هاوبەشی مكتب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناحیەی پیرمام بەشداری کردووە کە تێیدا کێشەی کارەبا و پڕۆژەی فیدراڵییان تاوتوێ کردووە، لە ١٤ی شوباتی ٢٠٠٤ تا ١٤ی نیسانی ٢٠٠٤ مامۆستای وانەی ڕێکخستن بووە لە خولی چواردەهەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناحیەی پیرمام، لە (٢٠٠٤-٢٠١٠) ئەندامی مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی، لە ساڵی ٢٠٠٧ مامۆستای وانەی ڕێکخستن بووە لە خولی شانزەهەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٦ بووەتە بەرپرسی دەستەی چاودێری و پشکنین، لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی ئابی ٢٠١٨ لە کردنەوەی کۆنگرەی هەشتەم (کۆنگرەی پێشمەرگە)ی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداری کردووە.    

سەرچاوەکان:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.