ژیاننامە

سلێمان ساڵح بێراخاس قادر کە بە ناوی سلێمانی فاتەش دەناسرێت، لە ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی کانی کەوێی سەر بە ناحیەی شەمێران لە قەزای دەربەندیخان لەدایک بووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە، ئاستی خوێندنی سەرەتایی بووە، لە ساڵی ١٩٧٥ کۆچی بۆ ئێران کردووە و لە مەریوان و سەرپێڵی زەهاو نیشتەجێ بووە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٦ گەڕاوەتەوە کوردستان، لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ جارێکی دیکە ئاوارەی ئێران بووە و لە مەریوان نیشتەجێ بووە، هاوژینی سلێمان ساڵح ناوی مەحبوبە مەعرووف بووە، کوڕەکانی سەرباز و سەلمان و کچەکانی کۆچەر و بەیان بوون.

خەباتنامە

سلێمان ساڵح بێراخاس لە ساڵی ١٩٦٣ لە ناو هێزی شەمێران بە فەرماندەیی حەمە شەمێرانی بووە پێشمەرگە، کە لەو کاتەدا هێزی شەمێران هێزێکی سەربەخۆ بووە و فەرمانی لە سەرکردایەتی شۆڕش وەردەگرت، هەروەها ئەم هێزە لە ناوچەکانی شەمێران و نەورۆڵی زیاتر چالاکییان ئەنجام دەدا. بەڵام پاش دامەزراندنی پێکهاتەی سەربازیی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦٥، ئەم هێزە وەک هێزێکی سەربەخۆ مایەوە و لە ناو هێزی خەباتی حزب دیموکراتی کوردستان جێگیر بوو.

لە شەڕی زەمناکۆ لە ساڵی ١٩٧٤، لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم و هێزەکانی شیوعی و لە ساڵی ١٩٨٠ و لە شەڕی دژی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی ئێران لە بەندەری دزڵی، بە سەختی بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٦ گەڕاوەتەوە کوردستان و بۆ باشووری عێراق دوورخراوەتەوە، لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ جارێکی دیکە ئاوارەی ئێران بووە و تێکەڵی هێزی شەمێران بووە، لە کاتی شۆڕشی ئەیلوول لە ناو هێزی شەمێران پلەی سەرپەل و سەرلقی وەرگرتووە، لە شۆڕشی گوڵان لە ساڵی ١٩٨٠ پلەی فەرماندەیی تابووری شەمێرانی سەر بە هێزی هەورامان بە فەرماندەیی نادیر هەورامی وەرگرت، لە ساڵی ١٩٨١ پاش گرتنی چیای شەڕام لەلایەن هێزی پێشمه‌رگه‌وە، ڕژێمی بەعس جارێکی دیکە بە توندی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی تۆپباران کرد و سلێمان ساڵح بە سەختی بریندار بوو و هاوڕێکانی بە برینداری گەیاندیانە مێلەخۆرد و لەوێوە بە هەلیکۆپتەرێکی حکوومەتی ئێران گەیاندیانە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران، پاش ئەوەی شەوێک لە نەخۆشخانە مایەوە، بەهۆی برینەکەیەوە شەهید بوو و تەرمەکەی لە گۆڕستانی مەریوان بە خاک سپێردرا.

سەرچاوە:
  • ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.