سولەیمان ئەحمەد ئیسماعیل عومەر دۆڵەمەری ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی خرا سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە تەمەنی لاویدا ساڵی ١٩٦٧ کاتێک تەمەنی ١٤ ساڵ بووە پەیوەندی بە هێزی پێشمهرگهی شۆڕشی ئەیلوول کردووە لەگەڵ عەزیر دۆڵەمەری و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە دیلمان لە ڕیزەکانی پێشمهرگهدا خزمەتی کردووە.
لە دیلمانەوە گواستراوەتەوە بۆ قەسرێ و لەوێ بەشداری لە خولی بەکارهێنانی چەکی دۆشکە کردووە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، کاتێک سوپاى عێراق شەڕی دژی شۆڕشی ئەیلوول دەستپێکرد ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ عومەر ئاغا دۆڵەمەری وەک ڕامیاری چەکی دۆشکەی شۆڕش کاری کردووە و بە قارەمانێتییەوە بەرگری لە خاکی کوردستان کردووە.
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٧٥ پەنای بردووەتە بەر ئێران، سەرەتا لە شاری نەغەدە نیشتەجێ بووە پاشان گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی زێوە و لەوێ نیشتەجێ بووە، پاشان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆ جەهرەم و دوای دوو ساڵ نێردراوە بۆ لاهیجان، دوای مانەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لاهیجان بە داوای خۆی چوو بۆ شاری قەزوین کە براکەی لەوێ نیشتەجێیە.
ساڵی ١٩٧٩ کاتێک ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا، سولەیمان ئەحمەد و براکەی ڕەشید جارێکی دیکە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردەوە و وەک مفرازەیەک بۆ ئەنجامدانی چالاکی سەربازی دژی سوپاى عێراق گەڕانەوە باشووری کوردستان. لە هەمان ساڵدا براکەی ڕەشید لە پێکدادانێک لەگەڵ سوپاى عێراق لە گردی قەزای دیانا شەهید بووە.
ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ ئیدریس بارزانی و شێخ محەمەد خالید لە زێوەوە چوون بۆ دەشتی برازگەر لە قەزای سیدەکان، دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکە و سەردانی هێزی پێشمهرگهی بارزان لە ناوچەکە، گەڕایەوە بۆ کەمپی کۆمەڵگەی زێوە. لە هەمان ساڵدا دوای گەڕانەوەی لە ڕاژان لە ڕوژههلاتی کوردستان بەشداری لە خولی بەکارهێنانی تۆپهاوێژی ٥٧ کرد، دوای تەواوبوونی خولەکە لەگەڵ عەزیر دۆڵەمەری چوون بۆ باشووری کوردستان و چەندین چالاکییان دژی بنکەکانی سوپاى عێراق لە گۆڕی گۆمی و پردی لێلۆک و گەلی سارکی لە ناوچەی مێرگەسۆر ئەنجامدا، لە هەمان ساڵدا بەشداری لە شەڕی گەورەی مێرگەسۆر بە فەرماندەیی ئەحمەد سەعید سپینداری کرد.
ساڵی ١٩٨٨ بەشداری لە شەڕی قەبری زاهیر و مەلحەمەی خواکورک لە سێگۆشەی سنووری نێوان ڕوژههلات و باشوور و باکووری کوردستان کرد، دوای هێرشەکانی ئەنفال و هێرشە کیمیاییەکان کە حکوومەتی عێراق دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کوردستان ئەنجامیدا، گەڕایەوە ڕوژههلاتی کوردستان.
دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە و لە گوندی شێخانی لە ناوچەی مێرگەسۆر نیشتەجێ بوو، ساڵی ١٩٩٤ بە جێگری هێزی ١٠٠ی سوپای بارزان دەستنیشانکرا، چوار جار لە شەڕەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان بریندار بووە لە شەڕی وادی سۆر لە ناوچەی دۆڵەمەری ساڵی ١٩٨٠، لە شەڕی سەیبێلک ساڵی ١٩٩٥، لە شەڕی کۆمسپان ساڵی ١٩٩٦، و دواجار لە شەڕی شکروک ساڵی ١٩٩٧.
میدالیای بارزانی نەمر لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ وەک ڕێزێک بۆ خزمەت و چالاکییەکانی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان پێ بەخشرا.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


