شێخ زوبێر ساڵی 1925 لە گوندی ڕزیان سەر بە ناحیەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشی ئەحمەد یوسف کردووە، سێ کوڕ و دوو کچیان بووە بە ناوەکانی ئیسرافیل شێخ (1951)، ئەسفەندی شێخ (1953)، زەینەب شێخ (1955)، ئیسماعیل شێخ (1956) و زوهدیە شێخ (1958). شێخ زوبێر دوای ڕێککەوتنی 11ی ئاداری 1971 تا ساڵی 1975 وەک چاو‌دێر لە بەندەری بەلەمی بێڵ کاریکردووە، شارەزای زمانی کوردی و ڕووسی بووە، لە 13ی ئایاری 2008 کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی ڕزیان بە خاک سپێردراوە.
لاپەڕەکانی تێکۆشانساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە و بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، لە 19ی ئابی 1945 سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی لەلایەن دادگای عورفی سەربازی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە. لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و دوای پاشەکشەی شۆڕشی دووەمی بارزان بەرەو ڕوژهه‌لاتی کوردستان ڕۆیشتووە، لە 31ی ئاداری 1946 پەیوەندی بە هێزەکانی مستەفا بارزانی سەر بە سوپای کۆماری کوردستان لە مهاباد کردووە و بەشداری لە شەڕەکانی بەرەی سەقز کردووە. لە 19ی نیسانی 1947 لە ڕێگەی (خواکورک و دەشتی بێرزگرۆ) بەناو خاکی باکووری کوردستان گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی شیروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 15/5/1947 لە گوندی ئەرگوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە نێوان مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ سەرجەم هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بڕۆن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەری مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی دۆڵی قەتور و پردی ماکۆ کرد، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراسەوە پەڕینەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئەیلاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران.
دواتر لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 لەگەڵ هاوسەنگەرانی گواسترانەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باکووری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، جلوبەرگی سەربازییان بەسەردا دابەش کرا و ڕۆژانە بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر مەشقیان پێ دەکرا، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان وەردەگرت.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، مستەفا بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە 29ی ئابی 1948 لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی چەرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.
لە ئاداری 1949، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گروپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییانەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، لە کۆتاییدا ستالین نامەیەکی وەرگرت کە تێیدا بارزانی باسی لە ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، ستالین دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە شێخ زوبێر لەگەڵ هاوسەنگەرانی لە تشرینی دووەمی 1951 بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتن.
دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی ماددەکانی (3) و (7) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (10) و کارکردن بە ماددەی (11) بەپێی یاسای ژمارە (19)ی هەموارکراوی ساڵی 1959، لێبوردنی گشتی دەیگرتەوە.
کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 دامەزرا، شێخ زوبێر لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی گروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول و شەڕەکانی ساڵی 1964 کردووە، لە ساڵی 1975، دوای پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلوول، حکومەتی عێراق ڕاگوێزی باشووری عێراقی کرد و لە پارێزگای دیوانییە نیشتەجێ بوو، لە ساڵی 1980 گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی قوشتەپە، لە ساڵی 1982 وەک کۆچبەر چوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە کۆمەڵگەی زێوە نیشتەجێ بوو، لە ساڵی 1985 لە کاتی بۆردومانی کۆمەڵگەی زێوە چوو بۆ گوندی مەنسوورئاوا. لە ساڵی 1992 گەڕایەوە کوردستان و چوو بۆ گوندی بێخمە، لە ساڵی 1993 گەڕایەوە و لە زێدی خۆی نیشتەجێ بوو.
سەرچاوەکان:1- ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئه‌نفال و كۆمه‌لكوژی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره - 2010ز9ز
2- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - 2013ز).
3- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - 1996ز).
4- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
5- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
6- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
7- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - 2001ز).
8- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - 2015ز).
9- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).
10- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره 154، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، 15 نیسانی 1959.
11- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).
12- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).
13- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
14- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز).
15- ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-10، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، 2016ز.
16- ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-432، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی شێخۆمه‌ر زوبێر عه‌بدوڵا، پیرمام، 1 تشرینی دووه‌می 2018ز.
17- ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره ZB-150، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسماعیل شێخ زوبێر عه‌بدوڵڵا له‌لایه‌ن هوشین حه‌جی باقی، پیرمام، 15 نیسانی 2019ز.


