شەهید مستەفا سەعید-کەریم ئەحمەد مستەفا، لە ساڵی ١٩٥٢ لە ناحیەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە بیارە تەواو کردووە و کاری کشتوکاڵ و باخەوانی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاوارەی ئێران بووە و لە خەبات و شۆڕش دانەبڕاوە، لەگەڵ هاوڕێکانی لە سنوور و ناو خاکی ئێران نیشتەجێ بووە.

لە ساڵی ١٩٦٩ بووەتە پێشمەرگە لە لقی سێی نادیر هەورامی، کە سەر بە فەوجی ٧ی بیارەی هێزی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧٧، لە کاتی هێرش بۆ گرتنەوەی سەنگەری بیارەی ڕژێمی عێراقی ئەو کاتە، گوللەیەک بەر ڕانی کەوتووە و بریندار بووە. دوای وەرگرتنی چارەسەر، پلەی فەرماندەی مەفرەزەی لە فەوجی نەسرەدین هەورامی، سەر بە هێزی هەورامانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێبەخشراوە.

لە ساڵی ١٩٧٩، لەو شەڕە نەخوازراوەی کە بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستاندا سەپێنرا، دوای داڕشتنی پیلان بۆ ڕاوەدوونانی هێزی پێشمه‌رگه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەهید مستەفا لە بەرەی بەرگری لە کێوی سپی ئێران لەلایەن هێرشبەرانەوە گوللەیەک بەریکەوتووە و شەهید بووە.

سەرچاوە:
  • ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی