هۆکارەکان

لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٣، ڕژێم هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە و هەموو هێزە چەکدارەکانی خۆی بۆ مەیدانی جەنگ نارد. سوپای کوردستان چەند بەرەیەکی بۆ بەرگری لە خۆی کردەوە و هێرشەکانی تێکشکاند. لەو ماوەیەدا، مستەفا بارزانی چەند نامەیەکی بۆ مەكته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان نارد و داوای لە ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێری پارتی، و مەكته‌بی سیاسی کرد کە چەند هێرشێک بۆ سەر سوپای حکومەت لە ناوچەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. بەڵام مەكته‌بی سیاسی، بەتایبەت ئیبراهیم ئەحمەد، وەڵامی داواکارییەکەی نەدایەوە و ڕێگری لە فەرماندەکان کرد کە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکومەت. ئەم ڕەفتارانە ساردییەکی لە نێوان مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد دروست کرد.

لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣، حکومەتی بەعس لەلایەن سوپاوە بە کودەتایەک ڕووخێنرا. دوای کودەتاکە، عەبدولسەلام عارف دەسەڵاتی گرتە دەست و داوای دانوستانی لە سەرکردایەتی شۆڕشی کورد کرد. لە کانوونی یەکەمی ١٩٦٣، دوای ڕاوێژی مستەفا بارزانی لەگەڵ مەكته‌بی سیاسی، دانوستانەکان دەستیان پێکرد. پارێزگاری سلێمانی عەقید عەبدولڕەزاق مەحمود وەک نوێنەری حکومەت هاتە ڕانیە و لەگەڵ مستەفا بارزانی، جەلال تاڵەبانی و نوری شاوەیس، ئەندامانی مەكته‌بی سیاسی کۆبووەوە و گفتوگۆکان گەیشتنە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوولادا. لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٤، حکومەت ڕاگەیەندراوی ڕێککەوتنەکەی دەرکرد، کە تێیدا هاتبوو "حکومەت مافە نەتەوەییەکانی کورد دەناسێت".

لە ١٧ی شوباتی ١٩٦٤، ئیبراهیم ئەحمەد، عەزیز شەمزینی و عومەر مستەفا دەبابە هاتنە سەنگەسەر و لەگەڵ مستەفا بارزانی کۆبوونەوە. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بوو لەسەر "ڕێککەوتنی ١٠ی شوبات". دوای مانەوەی هەفتەیەک لە سەنگەسەر، ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێکانی گەڕانەوە بۆ ماوەت. لەوێ دەستیان کردەوە بە دژایەتیکردنیان، کە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە فەرماندەکان و پێشمه‌رگه ماوەت بەجێبهێڵن و بچنە لای مستەفا بارزانی لە سەنگەسەر و پلانی مەكته‌بی سیاسی بۆ مستەفا بارزانی ئاشکرا بکەن. دوای گەیشتنی فەرماندەکانی پێشمه‌رگه، مستەفا بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵیان ئەنجامدا و دوای ڕاوێژکردن، بڕیاریدا هەموو ئەو فەرماندەیانەی کە شوێن مەكته‌بی سیاسی کەوتبوون لایان ببات و فەرماندەی دیکەیان لە جێگە دابنێت کە جێگەی متمانە بن. ئەو فەرماندەیانەی لادران بریتی بوون لە جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و کەمال موفتی. لە وەڵامدا، ئیبراهیم ئەحمەد و مەكته‌بی سیاسی کۆنفڕانسی ماوەتیان لە ٩ی نیسانی ١٩٦٤ ئەنجامدا.

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس

لە ٤ی نیسانی ١٩٦٤ تا ٩ی نیسانی ١٩٦٤، کۆنفڕانسەکە لە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی ماوەت دەستی پێکرد. کۆنفڕانسەکە سەرەتا بڕیار بوو لە ١ی نیسانی ١٩٦٤ لە گوندی مەلۆمە بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر بۆ ماوەت دواخرا. سەرەتا مەكته‌بی سیاسی بە نوێنەرە بانگهێشتکراوەکانی ڕاگەیاندبوو کە کۆنفڕانس لە ١ی نیسانی ١٩٦٤ بەڕێوەدەچێت، بەڵام سێ ڕۆژ دوای کاتی دیاریکراو بەڕێوەچوو. ئیبراهیم ئەحمەد ڕاپۆرتی مەكته‌بی سیاسی خوێندەوە. لە کۆی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، دە ئەندام و سەرۆکی هەموو پێنج لقەکە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد کە بریتی بوون لە سەرۆکی لقی یەک لە موسڵ، دوو لە هەولێر، سێ لە کەرکوک، چوار لە سلێمانی و پێنج لە شاری به‌غدا. بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە: نوری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا، سەید عەزیز شەمزینی و ئیبراهیم ئەحمەد. جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا، ساڵح یوسفی، عەبدولحسێن فەیلی، هاشم ئاکرەیی و ناهیدە شێخ سەلام بە هۆکاری جیاواز بەشداری کۆنفڕانسەکەیان نەکرد. عەقید عیسا پەژمان، نوێنەری دەزگای هەواڵگری ئێران ساواک، لە کاتی کۆنفڕانسەکەدا لە ماوەت بوو.

مەبەستی سەرەکی ئیبراهیم ئەحمەد فەتاح لە کۆبوونەوەی ماوەت دژایەتیکردنی مستەفا بارزانی و لابردنی بوو لە سەرۆکایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە هەمان کۆنفڕانسدا، شاندێک پێکهێنرا بۆ دانوستان لە نێوان مەكته‌بی سیاسی و مستەفا بارزانی. بۆ ئەم مەبەستە، شاندەکە سەردانی مستەفا بارزانی کرد، و بڕیاردرا کۆنفڕانسەکە تا گەڕانەوەی شاندەکە بەردەوام بێت. شاندەکە لەگەڵ مستەفا بارزانی گەیشتنە ئەنجامێکی هاوبەش، بەڵام کاتێک شاندەکە گەڕایەوە، کۆنفڕانسەکە کۆتایی هات و مەكته‌بی سیاسی بەیاننامەیەکی دژی مستەفا بارزانی دەرکرد، بە ناونیشانی "ڕێککەوتنی بارزانی و موشیر ئاشتییە یان خۆبەدەستەوەدان؟". هەڵپەساردنی مستەفا بارزانی بەپێی بەرنامە و ئامانجە دیاریکراوەکانی ڕۆژی کۆتایی کۆنفڕانسەکە بڕیاری لەسەر درا.

سەرچاوەکان

• مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ١٩٥٨-١٩٦١، بەرگی یەکەم (٢٠١٢).

• مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، لیژنەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرگی ١، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - ٢٠٢١).

• سەلاح ئەلخورسەن، بزووتنەوە سیاسییەکان لە کوردستانی عێراق، خوێندنەوەیەک لە دۆسیەی بزووتنەوە و پارتییەکان لە عراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بەیروت – چاپخانەی ئەلباغ – ٢٠٠١).

• حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عراق (لە مەکتەبی سیاسی) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).

• نزار خەیڵانی، ئەسعەد خەیڵانی یادەوەرییەکانی دەکاتەوە، (هەولێر - خانەی بێدرخان بۆ بڵاوکردنەوە - چاپخانەی هێڤی - ٢٠١٤).

• عەبدولستار تاهیر شەریف، تێکۆشان لەگەڵ ژینگە، یادەوەری ١٩٧١-١٩٣٥، بەرگی ١، (کەرکوک، چاپخانەی عەرەبکا، ٢٠٠٥).

• حسێن محەمەد عەزیز، پێنج کاتژمێر لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد، سلێمانی، چاپخانەی سیما، چاپی سێیەم، ٢٠٠٢.

• شەکیب ئەتروشی، ساڵە سەختەکان لە کوردستان: ڕووداوە گرنگە سیاسی و سەربازەکان لە کوردستان و عراق لە ١٩٥٨ تا ١٩٨٠، چاپی دووەم، (هەولێر، چاپخانەی منارە، ٢٠٠٧).