پاشخانی مێژوویی

لە 16ی ئەیلوولی 1943 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ کاف - JK) دامەزرا، پاشان لە 16ی ئابی 1945 ناوی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕدرا، ئەم حیزبە بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەت لە 22ی کانوونی یەکەمی 1946 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد، کۆماری کوردستان (مەهاباد)ی لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراند، هەمان کات لە 15ی کانوونی یەکەمی 1945 لەژێر سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی کۆمیتەی ئازادی لە باشووری کوردستان دامەزرا.

دوای تێکچوونی شۆڕشی بارزانی دووەم لە ساڵی 1945، مستەفا بارزانی، فەرماندەی گشتی شۆڕش، بە ڕاوێژی کۆمیتەی ئازادی و فەرماندەی سەنگەرەکانی شەڕ، دوای پەیوەندی بە ڕابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرپرسانی سۆڤیەت، بڕیاری دا کە هەموو هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوای چەند شەڕێک، لە 11ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1945 بە ڕێگەی کێلێشین-مەرگەوەڕەوە پەڕینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، سەرەڕای دۆخی دژواریان، هێزەکانی مستەفا بارزانی بە هەموو هێزی خۆیانەوە تێکەڵی کۆمارەکە بوون.

بڕیاری دامەزراندن

دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گۆڕانکارییەوە ڕوانینی کۆمیتەی ئازادی لەسەر چارەنووسی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان خاو نەکرد، بەتایبەتی ئەزموونی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەو ئەزموونانەی کە لە شۆڕشی بارزانی دووەمدا بەدەست هاتبوون، نیشانی دا کە ئەم قۆناغە پێویستی بە دامەزراندنی پارتێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە عێراق هەیە، لەبەر ئەوەش دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی بەرفراوان لەسەر دۆخی ناوچەکە، مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی، ئەفسەر و ئەندامانی کۆمیتەی ئازادی بڕیاریان دا کە پارتێک لە عێراق دابمەزرێنن بە شێوەیەک لەگەڵ داواکاری و ئامانجەکانی گەلی کوردستان بگونجێت. 

بناغەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد (پارتی) لە یەکەمین کۆبوونەوەی مستەفا بارزانی لەگەڵ پارێزەر حەمزە عەبدوڵڵا، کاپتن میرحاج ئەحمەد تاهیر، کۆلۆنێل ڕوکن عیزەت عەبدولعەزیز، کاپتن مستەفا خۆشناو، کاپتن خەیروڵڵا عەبدولکەریم، کاپتن محەمەد مەحموود قودسی و مولازم نوری ئەحمەد تەها دانرا و پاشان ناویان لێنا کۆمیتەی دامەزرێنەر و لە هەمان کۆبوونەوەدا هەوڵ درا کە یەکەمین بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە جێبەجێ بکرێت.

لەبەر ئەو قۆناغە هەستیارەی کە کۆماری کوردستان پێیدا تێدەپەڕی، بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە هەڕەشەی لێ نەکرێت، مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی بڕیاری دامەزراندنی حیزبەکە و چالاکییەکانی بە ڕاستەوخۆ بۆ باشووری کوردستان گواستەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا کە حەمزە عەبدوڵڵا بە هەموو دەسەڵات و چەند پێشنیارێکەوە بگەڕێتەوە باشووری کوردستان تاوەکو لەگەڵ ڕایدارانی پارتی شۆڕشگێڕ، پارتی ئازادی و لقی دیموکراتی سلێمانی کۆببێتەوە.

پێشنیارەکان ئەمانە بوون:

  1. لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدا هیچ گۆڕانکارییەک نەکرێت.

  2. دەبێت شێخ لەتیف حەفید کوڕی شێخ مەحموود حەفید ببێتە جێگری یەکەمی سەرۆک.

  3.  محەمەد کاکە زیاد کۆیی وەک جێگری دووەم دەستنیشان بکرێت.

  4. بۆ ئەوەی لە ئیمپریالیزمەوە بیانوو نەدرێت، هەتا حیزبەکە خۆی نەچەسپێت، زۆر گرنگی نەدەن بە بەرژەوەندییەکانی ئینگلیز، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئیمپریالیزمی ئینگلیز پیر بووە و باشترە بۆشاییەکەی بە هێزێکی نەتەوەیی پڕ بکرێتەوە 

لەوەی بکەوێتە دەستی ئیمپریالیزمێکی نوێی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (DYA). 

لە کۆتایی بەهاری 1946 حەمزە عەبدوڵڵا گەڕایەوە باشووری کوردستان و لەگەڵ حیزب و کەسایەتییە ناسراوەکان پەیوەندی دانا، سەرکردایەتی هەردوو پارتی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازی بڕیاریان دا کە حیزبەکانیان هەڵبوەشێننەوە و تێکەڵی حیزبەکە ببن، بە مەرجێک هەردوو حیزب کۆنگرەکانیان بەڕێوە ببەن و گۆڕانکارییەکان بە ئەندامانیان ڕابگەیەنن.

کۆنگرەی هەردوو حیزبەکە لە سەرەتای ئابی ساڵی 1946 بەڕێوەچوو و زۆربەی ئەندامانیان تێکەڵی پارتی دیموکراتی کورد بوون و ژمارەیەکی کەم لە سەرکردە و ئەندامانی پارتی شۆڕشگێڕیش تێکەڵی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوون. پێشتریش لەسەر پرسی تێکەڵبوونی حیزبێکی نوێ، پارتی ڕزگاری لەگەڵ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ کاف)ی لقی باشووری کوردستان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دابوو. لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەدا هەندێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ کاف) تێکەڵی پارتی ڕزگاری بوون و ئیبراهیم ئەحمەد بۆ وەڵامدانەوە مۆڵەتی خواست.

دامەزراندن

لە سەرەتای ئابی 1946، پارتی شۆڕشگێڕ و پارتی ڕزگاری کورد کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆیان ئەنجام دا و بڕیاری تێکەڵبوونیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دا، دوای ئەوەی ئامادەکارییەکان کۆتایی هات، پارتی نوێ لە 16ی ئابی 1946 لە ماڵی سەعید فەهیم لە بەغدا بە ئامادەبوونی 70 نوێنەر یەکەمین کۆنگرەی نهێنی خۆی بەڕێوەبرد، لەو کۆنگرەیەدا زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی شۆڕشگێڕ، تەواوی سەرکردایەتی پارتی ڕزگاری جگە لە ساڵح حەیدەری و نافع یونس، نوێنەری متمانەپێکراوی مستەفا بارزانی، حەمزە عەبدوڵڵا، مەحموود ئەحمەد نوێنەری شێخ لەتیف حەفید بەڕێز زیاد کۆیی و ئیبراهیم ئەحمەد نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لقی سلێمانی بەشدار بوون.

کۆنگرەکە کار و ئەرکەکانی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد و ئەندامانی کۆنگرە دوای هەڵسەنگاندن بە هەندێک گۆڕانکارییەوە دەقی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی کە لەلایەن کۆمیتەی دامەزرێنەرەوە لە مەهاباد ئامادە کرابوو، پەسەند کرد، پارتی نوێ بە پارتی دیموکراتی کورد (پارتی دیموکراتی کورد-عێراق) ناونرا، لە کۆنگرەکەدا مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردرا و لەسەر پێشنیاری مستەفا بارزانی، شێخ لەتیف حەفید کوڕی شێخ مەحموود حەفید وەک جێگری یەکەم و بەڕێز زیاد کۆیی وەک جێگری دووەمی سەرۆک دەستنیشان کران. هەروەها ڕۆژنامەی ڕزگاری کە زمانی پارتی ڕزگاری کورد بوو، بەهۆی ڕۆڵی لەناو گەلدا بوو بە زمانی پارتی دیموکراتی کورد و هەموو کەلوپەلەکانی هەردوو پارتی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازی ڕادەستی سەرکردایەتی نوێی هەڵبژێردراو کران و بڕیار درا کە ناوەندی سەرکردایەتی ئەو حیزبە لە بەغدا بێت.

دوای هەڵبژاردنی ناوی حیزب، دەستنیشانکردنی سەرۆک و جێگرانی سەرۆک، ئەندامانی کۆنگرە دەستیان بە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کرد و ئەم ناوانە وەک ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران:

١. مستەفا بارزانی، سەرۆک

٢. شێخ لەتیف شێخ مەحمود حەفید، جێگری یەکەم

٣. بەڕێز زیادەی کۆیە جێگری دووەم

٤. حەمزە عەبدوڵڵا، سکرتێر

٥. میرحاج ئەحمەد ئاکرەیی، عضو

٦. د. جەعفەر محەمەد کەریم، عضو 

٧. عەلی عەبدوڵڵا ئەمین، عضو

٨. سەیدا ساڵح یوسفی، عضو

٩. عەبدولکەریم تۆفیق، عضو

١٠. رەشید عەبدولقادر هەمەوەندی، عضو

١١. رەشید باجەلان، عضو

١٢. مەلا سەید حەکیم خانەقی، عضو

١٣. ئاونی یوسف ئەحمەد، عضو

١٤. تەها موحیدین مەعروف، عضو

١٥. عەبدول سەمەد بەنا، یەدەک.

دواتر ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ئەندامانی مکتب سیاسی نوێیان هەڵبژارد کە لە حەمزە عەبدوڵڵا، د. جەعفەر محەمەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، عەبدولکەریم تۆفیق و رەشید عەبدولقادر پێکهاتبوو.

مکتب سیاسی هەڵبژێردراوی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی ئەرکەکانی خۆی کرد و بڕیاریدا کە زۆربەی ئەندامانی مکتب سیاسی لە شاری به‌غدا و بارەگاکانیان لەو شارە دابنرێن و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مکتب سیاسی و سەرۆک مستەفا بارزانی لە مەهاباد دروست بکات.

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، بەرگی ١، (هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ٢٠٠٤).

  2. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و رێزینامەی ناوخۆیی)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی ١، (هەولێر - چاپخانەی رۆکسانا - ٢٠٢١

  3. . حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان (لە وێستگە سەرەکییەکان ١٩٤٦ - ١٩٩٣)، (دهۆک- چاپخانەی خەبات- ١٩٩٨.  

  4. عەلی عەبدوڵڵا، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق هەتا کۆنگرەی سێیەم، (شوێنی نەناسراو - ١٩٦٨).

  5.   نوری شاوێس، من و بیرەوەرییەکانم، بێ شوێن، (بڵاوکراوەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان، ١٩٨٥).

  6.   محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە، (هەولێر، وەشانی ئاراس، ٢٠٠٧).  

  7. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد - شۆڕشی بەرزان ١٩٤٥-١٩٥٨، (کوردستان – کانوونی دووەم ١٩٨٧).